شوبات 13, 2023 11:42 Asia/Tehran
  • پتەوبوونەوەی دۆستایەتیی نێوان ئێران و چین بە سەردانەکەی سەرۆک کۆمار بۆ پەکین

"گڵۆباڵ تایمز"ی چین لە وتارێکدا وێڕای لێکدانەوەی ڕەھەندە جۆراوجۆرەکانی سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی بۆ چین نووسیویەتی: ئەم سەردانە وێڕای قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و چین، دۆستایەتی لەمێژینەی نێوان هەردوولا پتەوتر دەکاتەوە.

«سەیید ئیبراهیم ڕەئیسی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامیی لەسەر بانگهێشتی فەرمیی «شی جینپینگ هاوتا چینییەکەی لە سبەی سێشەممە تا پێنجشەممە گەشتێکی فەرمی بۆ پەکین دەکات.

بە وتەی شرۆڤەکارانی سیاسی، سەردانەکەی ڕەئیسی بۆ پەکین دەبێتە ھۆی ڕاپەڕێندرانی زیاتری هاوبەشی ستراتیژی هەمەلایەنەی نێوان ئێران و چین  و ئیرادەی دەوڵەتی ڕەئیسی بۆ پێشخستنی سیاسەتی «ئاوڕدانەوە لە ڕۆژهەڵات» زیاتر دەردەخات.

سیاسەتی «ئاوڕدانەوە لە ڕۆژهەڵات»ی ئێران بە واتای پەڕینەوە لە سیاسەتی هاوسەنگیی نەرێنی و دروستکردنی هاوپەیمانی لەگەڵ هێزگەلێکی جیهانی بێجگە لە ڕۆژئاوایە لەوانە ڕووسیا و چین کە پێکهاتەو داڕشتێکی سیاسیی هاوشێوەی ئێرانیان هەیە.

لەم پەیوەندییەدا «تێنگ ژیچاو» شرۆڤەکاری پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئاکادیمیای زانستە کۆمەڵایەتییەکانی چین، ڕایگەیاندووە: لە بارودۆخی ئێستادا، پێویستە ئەولەویەتی سەرەکیی گەشتەکەی سەرۆک کۆمار بەهێزکردن و پەرەپێدانی هاوبەشیی ستراتیژیی هەمەلایەنەی چین و ئێران و بەرەوپێش بردنی ڕێککەوتنی هاوکاری ٢٥ ساڵەی نێوان دوو وڵات بێت.

ئێران و چین پەیوەندییەکی ئابووریی پتەویان هەیە، بەتایبەتی لە بوارەکانی وزە،گواستنەوەی کاڵا، کشتوکاڵ، بازرگانی و وەبەرهێنان. هەردووک وڵاتەکە لە ساڵی ٢٠٢١دا ڕێککەوتنێکی هاوکاری ستراتیژییان بۆ ماوەی ٢٥ ساڵ واژۆکرد، کە وەک باسی دەکرێت کەرتەکانی سیاسی، ستراتیژی و ئابووری لەخۆدەگرێت.

سەرۆک کۆماری ئێران لە دیسەمبەری ٢٠٢٢ لە دیدارێکی لەگەڵ «هو چونهوا»ی جێگری سەرۆک وەزیرانی چین لە تاران، جەختی لەوە کردەوە کە بەبێ گوێدانە چۆنیەتیی گۆڕانی دیمەنی نێودەوڵەتی و ناوچەیی، ئێران بە توندی پابەند دەبێت بە قووڵکردنەوەی هاوبەشیی ستراتژیکی هەمەلایەنەی لەگەڵ چین دا.

بەرپرسانی باڵای ئەم دوو وڵاتە لە چەندین کۆبوونەوەدا ھێندێک ئامانجیان دیاری کردووە، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی کاریگەرییەکانی پەتای کۆڤید-١٩ و گۆڕانکارییەکانی ژینگەی دەوروبەر، پێشکەوتن و بەدیهێنانی ئەو ئامانجانە دواکەوتووە.

هەروەها «ژو یۆنگبیائۆ» بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەنتەری توێژینەوەی زانکۆی «لانژۆ» لە چینیش، لەو باوەڕەدایە کە، ئەم گەشتەی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی بۆ چین دەتوانێ وەک پێشەکییەک بۆ پێشکەوتن و پێشکەوتنێکی زۆر گرنگ بێت لە پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتی ئێران و چین.

سەرپەیڤ