ئادار 17, 2023 15:21 Asia/Tehran
  • درێژەی ڕاوێژەکانی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانیی ئێران لە ئیمارات/ دیداری شەمخانی لەگەڵ ئەمیری دوبەی

دەریاوان «عەلی شەمخانی» نوێنەری ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی و سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانیی ئێران ئێوارەی پێنجشەممە لە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لەگەڵ «شێخ محەممەد بن ڕاشید ئالی مەکتوم» جێگری سەرۆک وەزیران و ئەمیری دوبەی کۆبووەوە.

Image Caption

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ لەم دیدارەدا کە لە کۆشکی «زەعبیل» لە دوبەی بەڕێوەچوو، دەریاوان «شەمخانی» بە جەختکردنەوە لەسەر خێراترکردنی ڕەوتی ڕێککەوتنەکانی پێشوو بۆ لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم هاوکاریی دوو قۆڵی، وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران بە پەرۆشەوە هەوڵی بەهێزکردنی هاوکاریی بەردەوام و بنیاتنەرانە لەگەڵ دراوسێکانی دەدات و تەواوی تواناکانی خۆی لەم بوارەدا بەکار دێنێ.

سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانیی ئێران بە ئاماژە بە پێویستیی ناوچەکە بە ئاشتی، سەقامگیری و ئارامی، نەبوونی متمانەی نێوان وڵاتانی ناوچەکەی بە بەربەستێکیی جیددی لە بەردەم گەییشتن بەو ئامانجە و بەگورزێک لە گەشەسەندنی ئابووری ناوچەکە زانی و وتیشی. پێویستمان بە کارلێککردن و پەرەپێدانی هاوکارییە لە هەموو ڕەهەندەکاندا، بابەتێک کە بە دڵنیاییەوە ئاسایش و ئارامی و خۆشگوزەرانیی خەڵکی ناوچەکە زیاد دەکات.

Image Caption

شەمخانی میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان و شێخی دوبەیی لە ئەکتەرە کاریگەرەکانی پێشهاتە ئابوری و بازرگانییەکانی ناوچەکە ناوبرد و وتی: دەوڵەتی ئێستای ئێران، بە گرتنەبەری ستراتیژیی دراوسێیەتی سوورە لەسەر تێپەڕاندنی ئەو ئاستەنگە دەستکرد و سەپێنراوانەی کە لە سەر ڕێگای پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی ناوچەکەدایە.

ناوبراو بە ئاماژەدان بە ئیرادەی جددیی سەرکردەکانی هەردوو وڵات بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی نوێ لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان دا، وتیشی: ئەو دانوستانانەی لەم سەفەرەدا لەگەڵ باڵاترین بەرپرسانی سیاسی، ئابووری، بانکی و ئەمنیی ئیمارات ئەنجام دراون مزگێنیی ئاسۆیەکی زۆر ڕوون دەدەن لە بواری دروستکردنی بازدانێک لە پەیوەندییە دوو لایەنەو چەند لایەنەکاندا.

Image Caption

«شێخ محەممەد بن ڕاشید ئالی مەکتوم»یش لەم دیدارەدا وێڕای پیرۆزبایی لە دەریاوان شەمخانی بەبۆنەی ڕێککەوتنی نێوان ئێران و عەرەبستان بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانیان، وتی: وڵاتەکەی هەموو تواناکانی خۆی لە ئاراستەی یارمەتیدانی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان بەکار دێنێ.

ئەمیری دوبەی هەروەها خۆشحاڵیی خۆی بۆ سەردانە ھەرە گرینگەکەی «دەریاوان شەمخانی» بۆ ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی دەربڕی و وتیشی: بەرەوپێشبردنی پێوەندیی دوو قۆڵی و ستراتیژی لەگەڵ ئێران هەمیشە بۆ ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی زۆر گرنگ و بەنرخ بووە.

Image Caption

لەم دیدارەدا «شێخ محەمەد بن ڕاشید» بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەی هاووڵاتیان و دامودەزگا ئێرانییەکانی سەقامگرتووی دوبەی دا و وتی: هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە.

هەروەها جەختی لەوەش کردەوە کە ئیمارات ڕێگە نادات بیانییەکان هەوڵی تێکدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانیان لەگەڵ ئێران بدەن و وتیشی: مێژوو دەریخستووە کە تاکە براوەی ناکۆکیی نێوان هەردوو وڵات دوژمنانی گەلانی ناوچەکەن، ھەربۆیە سیاسەتی دیاریکراومان ئەوەیە کە ڕێگە نەدەین هیچ وڵات و یان ئەگتەرێکی سێیەم ، ناکۆکی لە نێوان هەردووک وڵات بنێتەوەو یان جوگرافیای ئیمارات لە دژی ئێران بەکار بھێنێ.

Image Caption

 

سەرپەیڤ