گەشەی هەناردەی ئێران بۆ سوریا لە یەک ساڵی ڕابردوودا
وتەبێژی کۆمیسیۆنی گەشەپێدانی بازرگانیی «ماڵی پیشەسازی، کانگا و بازرگانیی ئێران» گەشەی 11.4%ی هەناردەی ئێران بۆ سوریای لە ساڵی ڕابردوو، واتە(مارسی ٢٠٢٢ ھەتا مارسی ٢٠٢٣) ڕاگەیاند.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، «سەیید ڕوحوڵا لەتیفی» وتەبێژی کۆمیسیۆنی گەشەپێدانی بازرگانیی «ماڵی پیشەسازی، کانگاو بازرگانیی ئێران» لە سەروبەندی سەردانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی بۆ سوریا سەبارەت بە هەناردەکردن بۆ ئەم وڵاتە ڕایگەیاند: لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا (مارسی ٢٠٢٢ ھەتا مارسی ٢٠٢٣)، نزیکەی ١٤٧ هەزار تۆن کەلوپەلی نانەوتی بە بەهای ٢٤٣ ملیۆن و ١٦٨ هەزار دۆلار هەناردەی سوریا کراوە، کە لەڕووی کێشەوە بەڕێژەی ١٠.٦% و لەڕووی بەھاشەوە ١١.٤% گەشەی کردووە ، ئەمەش بە بەراورد بە ساڵی پێشوو واتە (مارسی ٢٠٢١ ھەتا مارسی ٢٠٢٢).
«لەتیفی» لەبارەی ئەو کاڵا و کەل و پەلانەی کە ئێران لەم ماوەیەدا هەناردەی سوریای کردووە ڕوونی کردەوە: خۆراک، شیرەمەنی و کشتوکاڵ، هەموو جۆرە دەرمان و کەرەستەی پزیشکی، هەموو جۆرە کانزا و بەرهەمە پۆڵایەک، کودی ئورە، هەموو جۆرە بۆریجاتێک، هەموو جۆرە ڕۆنی ماتۆڕ و ڕۆنی پیشەسازییەک، قەواخ و پارچە و یەدەگی ئۆتۆمبێل، پاککەرەوە و بەرهەمی تەندروستی و کەلوپەلی وەکو بەرهەمە پترۆکیمیایی و نەوتییەکان، ماددە کیمیاییەکان و کانزاکان، توێنەرەکان، کەرەستەی بیناسازی، بەن و قوماش، لاستیک، تەختە، کاغەز و کارتۆن، کاشیی سیرامیک، پێڵاو ، شوشە و ئاوێنە، هەموو جۆرە کۆنتێنەر و قوفڵ و تۆربین و بزوێنەری ئۆتۆمبێل و چیلەر و بەرزکەرەوە و ئامێری پیشەسازی و ئامێری ناوماڵ و ئامێری ئەلیکترۆنی و تراکتۆر و قەنەفە و هەموو جۆرە دەرگایەک هەناردەی سوریا کراوە.
جێگای ئاماژەیە «سەیید ئیبراهیم ڕەئیسی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی سبەی چوارشەممە لەسەر بانگهێشتی فەرمیی «بەشار ئەسەد»ی سەرۆک کۆماری سوریا سەردانی دیمەشق دەکات.
ئەم سەردانە دوای ١٣ ساڵ ئەنجام دەگرێت و درێژەپێدەری دیپلۆماسیەتی دراوسێگەرایی دەوڵەتی ئێستای ئێرانە، بە گرنگیدان بە پتەوکردنی پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و سوریاو تەوەرەی خۆڕاگری و بەرخۆدان.