تشرینی یه‌که‌م 06, 2017 10:57 Asia/Tehran
  • وتەبێژی سوپای یەمەن هەڕەشەی لە سەعوودییەکان کرد

فەرماندەری یەمەنی هەڕەشەی لە سەعودییەکان کرد کە پەلاماری لەناکاو و خافڵگیرانە دەکاتە سەر خاکی ئەم وڵاتە.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی تەلەڤزیۆنی ئەلمەیادین؛ سەرتیپ "شەرەف غالب لوقمان" وتەبێژی سوپای یەمەن ڕایگەیاند؛ قۆناغی ئێستا یەکێک لە هەستیارترین قۆناغەکانە لە بواری بەرەنگاربوونەوەی پەلاماری  هاوپەیمانیی سەعوودیا. سەرتیپ لوقمان پێی داگرت: ئامانجی ئۆپەراسیۆنی بەرەڤانی لە قۆناغی هەنووکەدا پێشگری بە پێشڕەویی هێزەکانی دوژمن و تیابردنی مەکۆ و بنکەکانیان بە هەموو تواناوەیە.

ناوبراو ڕاشکاوانە ڕایگەیاند؛ ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژ بە دوژمن بە ئۆپەراسیۆنی بەرەڤانی بەرتەسک نابێتەوە بەڵکوو ئۆپەراسیۆنی هێرشبەرانەی لەناکاو بۆ سەر بنکە و مەتەرێزەکانی دوژمن لە نێو خاکی عەرەبستانی سەعوودیش دەگرێتەوە.

عەرەبستانی سەعوودی بە داکۆکیی ئەمریکا لە مارسی ٢٠١٥ـەوە بە پەلاماری سەربازی بۆ سەر یەمەن بە بیانوویی گەڕاندنەوەی "عەبدوڕەبە مەنسوور هادی" سەرۆک کۆماری وازلە کارهێناوی ئەم وڵاتە بۆ سەر دەسەڵات، گەمارۆی زەوینی، دەریایی و ئاسمانی ئەم وڵاتەی داوە .

ئەم دەسدرێژییە سەربازییە تا ئێستا بۆتە هۆی کوژرانی پتر لە ١٣ هەزار کەس، بریندار بوونی دەیان هەزار کەس و ئاوارە بوونی بە ملوێنان یەمەنی دیکە.

دەسدرێژیی سەربازیی عەرەبستان هەروەها وڵاتی هەژار و دەسکورتی یەمەنی بەرەوڕووی کەمبوونی نالەباری خۆراک و دەرمان کردۆتەوە.