ئێران تەقینەوە تیرۆریستییەکەی بەلوچستانی پاکستانی ئیدانە کرد
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران تەقینەوە تیرۆریستییەکەی ئێوارەی پێنجشەممە لە ئەیالەتی بەلوچستانی پاکستانی شەرمەزار کرد.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران؛ "بەهرام قاسمی" وتەبێژ و سەرۆکی ناوەندی دیپلۆماسیی گشتیی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ، تەقینەوە تیرۆریستییەکەی ڕۆژی پێنجشەممە لە یەکێک لە ناوەندەکانی شیعەکانی ئەیالەتی بەلوچستانی پاکستان کە دەیان شەهید و برینداری لێ کەوتەوە ئیدانە کرد و هاوخەمی دەربڕی بەرامبەر بە دەوڵەت و گەلی پاکستان و بنەماڵە و کەس و کاری قوربانیانی ئەم کارەساتە.
قاسمی ڕایگەیاند: ئەم چەشنە پەلامارە ڕەشەکوژ و نامرۆییانە لە پێناو ئاڵۆز کردنی پاکستان و تەشەنەدان بە ناکۆکی و دووبەرەکیی ئایینی ئەنجام دەبێ کە بۆ پووچەڵ کردنەوەی ئەو پیلانە دەبێ دەوڵەت و گەلی پاکستان وشیار بن و یەکێتی و یەکدەنگی خۆیان بپارێزن و هەوڵی زیاتر بدەن بۆ بەردەوام کردنی خەباتی دژ بە تیرۆر و بنەبڕ کردنی توند و تیژی لەم وڵاتەدا.
هەروەها هەواڵدەریی ڕۆیتێرز بە گێڕانەوە لە کاربەدەستانی پاکستان رایگەیاند؛ ژماری قوربانیانی پەلامارە تیرۆریستییەکەی ڕۆژی پێنجشەممە کرایە سەر بارەگای "سوفیان" لە باشووری ڕۆژاوای ئەم وڵاتە کە ڕۆژی پێنجشەممە ڕوویدا گەیشتۆتە ١٨ کەس. لەم پەلامارەدا کە دوایین پەلاماری هۆزی لە ئەیالەتی بەلوچستانی پاکستان دێتە ئەژمار، زیاتر لە ٣٠ کەسیش بریندار بوون.
ڕۆیتێرز ڕایگەیاند: داعش بەرپرسایەتیی ئەم پەلامارە تیرۆریستییەی گرتۆتە ئەستۆ.