تشرینی یه‌که‌م 06, 2017 13:52 Asia/Tehran
  • هەڕەشە و گوڕەشەی تورکیا دژ بە کوردەکانی سووریا

وتەبێژی سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند؛ "ئیبراهیم کالین" لە وتووێژێکی تەلەڤزیۆنیدا بە پێداگری لە سەر ئامادەباشیی هێزی سەربازیی ئەم وڵاتە بۆ دەسپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی دەرەوەسنووری وتی: هێزە سەربازییەکانی ئەم وڵاتە ئامادەن تا بێتوو پێویست بێ بە بەڕێوە بردنی ئۆپەراسیۆنێک، دەس بگرن بە سەر شاری عەفرین لە پارێزگەی حەڵەب هەڵکەوتوو لە باکووری ڕۆژاوای سووریادا.

"ئیبراهیم کالین"  لە وەڵامی پرسیاری هەواڵنێری کەناڵی ت.ر.ت خەبەر"ی تورکیا سەبارەت بە ئەگەری چوونی هێزەکانی سوپای تورکیا بۆ نێو خاکی باکووری سووریا و شەڕی دژ بە یەکینەکانی پاراستنی گەلی سووریا وتی: بێتوو ئەو کارە بۆ مسۆگر کردنی ئاسایشی تورکیا پێویست بێ، ئێمە بێ گومان دەچینە نێو خاکی سووریاوە."

ئامادەیی دەربڕینی تورکیا بۆ بەڕێوە بردنی ئۆپەراسیۆن دژ بە هێزە کوردەکانی باکووری سووریا یەکەم قسە و لێدوانی  کاربەدەستانی تورکیا دژ بە هێزە کوردەکانی سووریا نەبووە و بێ گومان تا ئەو کاتەی کە قەیرانی سووریا نەگاتە ئاستی باش و دڵخوازی چارەسەرکرانەوە، دوایین قسە و لێدوانی توند و خۆتێوەردەرانەیش نابێ. بەتایبەت ئەوەی کە کالین لە بەشێکی دیکەی وەڵامەکەی بە هەواڵنێری کەناڵی ت.ر.ت خەبەر" وتی؛ تورکیا هەموو تەگبیری پێویست بۆ بەڕێوە بردنی ئەم ئۆپەراسیۆنەی بەڕێوە بردووە و ئامادەیە بۆ ئەوەی دژ بە هێزەکانی "یەپەگە" لە ناوچەی  عەفرین هەڵکەوتوو لە ڕیفی باکووری پارێزگەی حەڵەب ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجام بدات.

نیگەرانییەکانی تورکیا لە هێزگرتنی کوردەکانی سووریا لە ناوچە سەرسنوورییەکانی نێوان دوو وڵات جێی سەرنج و  تێڕامانە، بەڵام ئەوەی بۆتە هۆی دووپات کرانەوەی هەڕەشە و گوڕەشەکانی تورکیا دژ بەم هێزانە، ئەو ئیزنەی بوو کە لە کۆبوونەوەی شەشەمی ئاستانەدا بۆ تورکیا دەرکرا کە بە پێی ئەوە تورکیا دەتوانێ پۆلیسی سەربازیی خۆی لە حەڵەب سەقامگیر بکات. دابین کردنی ئاسایشی ناوچە ئەمن و هێورەکان بە مەبەستی یارمەتیدان بە ڕەوتی دامەزرانی ئاگربڕ، بووە بە ئیزننامەیەک بۆ تورکیا بۆ ئەم بڕیارەی. باروودۆخێک کە دیسان تورکیای هان داوە بۆ ئەوەی پێناسەیەکی جیاواز لە ئاسایش و گرووپەکانی تێکدەری ئاسایش و ئاگربڕ لە بەرەکانی شەڕی سووریا بداتە دەستەوە.

تورکیا لە درێژەی سیاسەتی بەهێزتر کردنی بەرهەڵستکاران و نەیارانی دەوڵەتی دیمەشق هەوڵ دەدات بەرەی لاگرانی دەوڵەتی سووریا لاواز بکات و لەهەمبەردا بەرەی بەرهەڵستکاران و نەیارانی دیمەشق بەهێز بکات.

قسەکانی ئەمدواییەی وەزیری دەرەوەی تورکیا سەبارەت بەوەی کە ئانکارا هەوڵ دەدات هێزە چەکدارەکانی نەیار لە هاوپەیمانیی  توندڕەوەکان کە پارێزگەی ئەدلیب لە باکووری ڕۆژاوای سورویایان لە کۆنترۆڵدایە وەلانێت، هەر لەم پێوەندییەدایە. لە ڕاستیدا وەڵامی وتەبێژی نووسینگەی سەرۆک کۆمارەتیی تورکیا بە پرسیاری هەواڵنێری کەناڵی ت.ر.ت خەبەر" و راگەیاندنی ئامادەیی ئەم وڵاتە بۆ بەڕێوە بردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی دژ بە یەکینەکانی پاراستنی گەل لە باکووری سووریا ،م درێژەی هەر ئەم ستراتژییەیە و پیشاندەری ئامادەیی کاربەدەستانی ئانکارا بۆ دەست پێکردنی شانۆیەکی نوێ لە سووریادایە.

شارەزایان و چاوەدێرانی سیاسی تەنانەت پرسیارەکەی هەواڵنێری کەناڵی ت.ر.ت خەبەر"ی تورکیا  لە ئیبراهیم کالین بە پرسیارێکی لە پێشەوە داڕێژراو بۆ بەرەوپێش بردنی سیاسەتێک دەزانن کە کاربەدەستانی تورکیا لە مێژە پلان و بەرنامەیان بۆ داڕشتووە. هەر بۆیە وێدەچێ کە ئەم پرسیارەی هەواڵنێری کەناڵی ت.ر.ت خەبەر"ی تورکیا تەنیا بە مەبەستی ئامادە کردنی بیر و ڕای گشتیی  و یان پاسا دانەوەی سیاسەتەکانی ئێستا و داهاتوویی دەوڵەتی ئانکارا بەرامبەر بە ڕووداو و گۆرانکارییەکانی سووریا و ناوچەکانی دەوروبەری تورکیا بێ.