نەعیم قاسم: ئەمریکا، هۆکاری هەموو قەیرانەکانە
یاریدەری سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان وتی: ئەمریکا هۆکاری گشت قەیرانەکانی ئێستای جیهان بەتایبەت ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە.
بەپێی ڕاپۆری دوێنێ هەینیی ئاژانسی هەواڵیی رەسا، شێخ نەعیم قاسم یاریدەری سکرتێری گشتیی حێزبوڵڵای لوبنان لەنێو ژمارێک خوێندکار لە بەیرووت پێی داگرت: ئەمریکا لەبەر شکست هێنانی گەڵاڵە کولتورییەکانی لەدژ وڵاتانی ئیسلامی، ئەمڕۆ ڕووی کردۆتە شەڕی میدیایی.
شێخ قاسم بەئاماژە بە ئیرادەو ورەی خۆڕاگریی بۆ درێژەی بەرەوڕووبوونەوەی داگیرکەرانی زایۆنیست و تەکفیرییەکان هەتا گەیشتن بە سەرکەوتنی یەکجاریی وتی: چارەسەریی قەیرانە ناوچەییەکان تەنیا بەهۆی ئەو خۆڕاگرییەوە مومکین بووە کە تواناکانی بەسەرکەوتنی بەدوای یەک و بەردەوام سەلماندووەو لوبنانی لەهەڵوێستێکی لاواز بەرەو هەڵوێست و ئیرادەی بەهێز پاڵ پێوەناوە.
ئەندامی باڵای حیزبوڵڵای لوبنان بەئاماژە بەوەی کە خۆڕاگریی و موقاوەمە، لوبنانی کردە هێز و دەسەڵاتێکی کاریگەر لەناوچەدا، وتی: ژمارێک وڵاتی عەرەب و ڕۆژاوایی چەندین دانیشتن بەئامادەبوونی بەرپرسانی لوبنانی بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانیی دژ بە حیزبوڵڵا بەڕێوە دەبەن بەڵام دەبێ ئاگاداربن کە گەل هاوڕێی موقاوەمەو لایەنگری لوبنانی یەکپارچەیە.
شێخ نەعیم قاسم هەروەها وتی: لوبنان، ئیدی وڵاتێک بۆ نیشتەجێ کردنی هەمیشەیی ئاوارە فەلەستینی و سووریەکان نابێ و ئەوان دەبێ مەزنانە بگەڕێنەوە وڵاتەکانیان.