تشرینی یه‌که‌م 08, 2017 21:00 Asia/Tehran
  • سەیید حەسەن نەسروڵڵا : شەڕی دژی داعش هەتا لەنێو چوونی یەکجارییان بەردەوام دەبێت

سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان لە لێدوانێکدا بە بۆنەی ڕێزنان لە دوو شەهیدی حیزبوڵڵا ڕایگەیاند: شەڕی دژی تاقمی تیرۆریستی داعش هەتا لەنێو چوونی یەکجارییان بەردەوام دەبێت.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی تەسنیم ، سەیید حەسەن نەسروڵڵا سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان بە بۆنەی تێپەڕینی حەوتەیەک لە شەهید بوونی سەرکردە عەلی هادی عاشق و موحەممەد حەسەن ناسرەدین وتارێکی پێشکەش کرد.

ناوبراو لە وتارەی دا ڕایگەیاند: لە ڕێ و ڕەسمی ئەمڕۆدا لە بەلەدەعەین ڕوو لە دوو بنەماڵەی عەلی ئەلعاشق و موحەممەد ناسرەددین شەهید، بوونی ڕۆڵەو ئازیزەکانیان کە لە ڕۆژانی شەهید بوونی ئیمامی حسەین(ع) پەیوەست بوون بەو حەزرەتەوە پیرۆز دەکەم.

سەیید حەسەن نەسروڵڵا سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان وتیشی: لە نێو خۆڕاگریی ئێمەدا دەیان شەهیدی لاو هەن کە تاقانەی بنەماڵەکانیان بوونە، هەر چۆن ژمارەیەکی زۆریش هەن کە لە بەرەکانی شەڕدان و لە تێکهەڵچوونی دژی ئیسرائیل دا دەیان کەسیان لێ شەهید کراوەو ئێستاش لە بەرنگار بوونەوەی تیرۆریستی تەکفیری دا ئەم ڕەوتە هەروا بەردەوامە و دیارە ئەمەش سامانێکی مرۆڤییە کە لوبنان بەهرەی لێ دەبات.

سەیید حەسەن نەسروڵڵا سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان وتیشی: ئێمە لە نێو خۆڕاگری دا ئەوە قەبووڵ ناکەین کە لاوێکی تاقانە بە بێ مۆڵەتی باوک و دایکی بڕواتە بەرەکانی شەڕەوە، واتە دەبێ لە سەداسەدا مۆڵەتی هەم لە باوکی وەرگرتبێت و هەم لە دایکی کە زۆر جار مۆڵەت دانی دایکیش ئەستەمە، لەگەڵ ئەوەش دا جاری وایە لە قۆناغێکدا تەنانەت ئەگەر مۆڵەتی باوک و دایکیشی هەبێت هەمیسان خۆمان لە قەرەی وەرگرتنیان نادەین، کەچی سەرباری ئەمەش گەلێک جار شایەتی ئەوەین کە باوک و دایکیان بۆ خۆیان سەردانی بنکەکان دەکەن و داوای ناردرانی ڕۆڵەکانیان بۆ بەرەکانی شەڕ دەکەن.

سەیید حەسەن نەسروڵڵا سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان ڕایگەیاند: ڕەنگە لە داهاتوودا ئەوە ببیستن کە گوایە حیزبوڵڵا ئەم لاوانە بە زۆر ڕەوانەی بەرەکانی شەڕ دەکات، بەڵام با بزانن کە باوک و دایک و خوشک و برایانی ئەم شەهیدانە ڕەمزو هێمای سەرکەوتنی ئێمەن.

سەیید حەسەن نەسروڵڵا سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان وتیشی: شەهید عەلی ئەلعاشق لەو سەرکردانەی یەکەم سەرکەوتنمان لە ساڵی 2000 و لەو سەرکردە سەرکەوتووانەی دووهەم قۆناغی ڕزگار کردنی ناوچەکانی لوبنانیش بوو. ئەگەر ئەمڕۆکە لە بوقاع و ئاواییەکانی بەعەلبەک دا ئاسایشت و ئەهوەنی هەیە، لە بەر تێکۆشانی فەرماندەگەلێکی دەگمەنی وەک حاج عەبباس و شەهیدانێکی وەک موحەممەد ناسرەددینە.

ناوبراو وتیشی: ئەمە خوێنی شەهیدانە کە سەرکەوتنەکانی مسۆگەر کردووەو دەبێتە هۆی سەرکەوتنی داهاتووش. ئەمانە لە ئەلبادییەی سووریا کە پانتاییەکەی دەیان هەزار کیلومەترە شەهید کراون کە ئەم ناوچەیە دەیرۆزوورو مەیادین و بوکەمال و سنوورەکانی سووریاو عێراق دەگرێتەوە. هیچ ڕێگایەک بێجگە لە پێکدادان لەم مەیدانەدا نەبووەو هێشتاش وا هەڵدەگرێ کە لەم مەیدان و گۆڕەپانەدا بمێنینەوە، چونکو دیارە شەڕی دژی داعش هەتا ئەوکاتەی کە بە یەکجاری لەنێو دەچن دەبێ بەردەوام بێت.

سەیید حەسەن نەسروڵڵا سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان ڕاشیگەیاند: لە قۆناغی ئەم دواییەدا داعش لە زۆرێک لە گوندو شارەکان دەرپەڕێندراوە. کۆمەڵێک لەو باوەڕەدا بوون کە ڕاوەدوونانی داعش لە سنوورەکانی سوریاو عێراق دەبێ ڕاگیردرێت، بەڵام گومان لەوەدانییە کە ڕاگیرانی ئەم ڕەوتە بەم واتایەیە کە داعش جارێکی تر شاڵاو دێنێ، چونکو داعش ئامانجێکی دیکەی نییە و کاری ئەم تاقمە تیرۆریستە بەس کوشت و بڕو تیرۆرو تێکدانە. ئەگەر چالاکییەکانی ئەم دواییەی سوپای سووریاو خەباتی بێ وچانی خۆڕاگریی نەبا بۆی هەبوو شەڕ بە ئاراستەیەکی دیکەدا بڕوات.

سەیید حەسەن نەسروڵڵا سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان وتیشی: کۆمەڵێک هەن کە بە نیازی قەدەغە کردنی شەڕی دژی داعشن و بەتەمان ئەم شەڕە پەک پێ بخەن و دیارە ئەوانەش هەر ئەمریکییەکانن کە وەها ئامانجێک پێ و شوێن دەگرن.