تشرینی یه‌که‌م 09, 2017 18:01 Asia/Tehran
  • وەرێ کەوتنی گرووپە فەلەستینییەکان بۆ قاهیرە بۆ بەشداریی لە وتووێژەکانی ئاشتیی نیشتمانی

ئیدارەی بازگەو سنوورەکانی کەرتی غەززە هەواڵی کرانەوەی کاتیی بازگەی زەوینیی رەفەح بەمەبەستی وەڕێ کەوتنی شاندی گرووپە فەلەستینییەکان بۆ قاهیرە، بۆ بەشداریی لە وتووێژەکانی ئاشتیی نیشتمانی ڕاگەیاند.

بڕیارە رۆژی سێ شەممە، قاهیرە میوانداری وتووێژەکانی ئاشتیی نیشتمانی نێوان بزووتنەوەکانی فەتح و حەماس بێت بۆ بردنەپێشی دۆسییەی ئاشتەوایی نیشتمانی فەلەستینییەکان.

بەپێی ڕاپۆری ناوەندی ڕاگەیاندنی فەلەستین، ئوسامە قەواسمی وتەبێژی بزووتنەوەی فەتح لە وتووێژ لەگەڵ ڕادیۆ دەنگی فەلەستین ڕایگەیاند: شاندی ئەو بزووتنەوە سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە دەگاتە قاهیرە هەتا لە وتووێژەکانی رۆژی سێ شەممە لەگەڵ حەماسدا بەشدار بێت.

قەواسمی پێی داگرت: گرینگترین دۆسییەک کە بڕیارە تاووتوێ بکرێ، پرسی دەسبەکارکردنی دەوڵەتی ویفاقی نیشتمانی لە غەززەو وەرگرتنی بازگەکان وگشت کەرتە ئابووری، ئاسایشیی و سیاسییەکانە.

وتەبێژی بزووتنەوەی فەتح وتی: وتووێژەکانی ئاشتیی نیشتمانی لە قاهیرە سێ رۆژ دەخایەنێ.

لەلایەکی دیکەوە، حیسام بەدران ئەندامی مەکتەب سیاسیی بزووتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامیی حەماس جەختی کرد: شاندی حەماس ئەمڕۆ دووشەممە بۆ بەشداربوون لە وتووێژەکانی ئاشتیی نیشتمانی لەژێر چاوەدێریی میسر بەرەو قاهیرە دەکەوێتەڕێ.

"روحی مشتهی" لەئەندامانی شاندی حەماس کە ئێستا لەمیسرە، پێی داگرت: گرینگترین بابەت کە بڕیارە لەو وتووێژانە بێتەئاراوە، پرسی تێکەڵ کردنی فەرمانبەرانی حکومەتییە.