تشرینی یه‌که‌م 15, 2017 13:14 Asia/Tehran
  • دیداری سەرۆکی ڕێکخراوی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران لەگەڵ پارێزگاری حەڵەبی سووریا

سەرۆکی ڕێکخراوی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دیداریدا لەگەڵ پارێزگاری حەڵەب پێی داگرت لە سەر پێویستیی بەردەوام بوونی داکۆکی و پشتیوانییەکانی گەل و دەوڵەتی ئێران لە گەلی سووریا تا ئەو کاتەی کە ئەم وڵاتە بە تەواوەتی سەر لە نوێ بنیات بنرێتەوە و ئاوەدان بکرێتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ "عەبدولعەلی عەلی عەسکەری" سەرۆکی ڕێکخراوی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران ڕۆژی شەممە لە سەفەرێکی یەک ڕۆژە سەردانی شاری حەڵەبی کرد و لەو شارەدا لە دیدار لەگەڵ "حسێن دیاب" پارێزگاری حەلەب وتیشی: حەڵەب هێمای خۆڕاگری و بەرخۆدانە و ڕزگار کرانی ویست و ورەی هەموو گەلان بەرزتر دەکاتەوە بۆ ئەوەی بەرامبەر بە تیرۆریزم و  پشتیوانانی تیرۆر ڕاوەستن.

عەلی عەسکەری ڕاشکاوانە ڕایگەیاند: ئەو کاول بوونە بەربڵاو و تۆقێنەرەی لە شاری حەڵەبدا دەبیندرێ نیشانەی ئەو زوڵمە قورسەیە لە لایەن ئەمریکا، ڕژێمی ئیسراییل و تیرۆریستانی تەکفیرییەوە لە خەڵک و وڵاتی سووریا کراوە.

ناوبراوە هەرەها وتی: ڕێکخراوی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەوپەڕی هەوڵی خۆی داوە بۆ ڕوماڵ کردنی ڕاست و درووستی دەسدرێژی و جەنایەتەکانی تیرۆریستان دژ بە گەلی سووریا و بەتایبەت دانیشتوانی حەڵەب.

"حسێن دیاب" پارێزگاری حەڵەبیش لەم دیداردا پێی داگرت لە سەر پێوەندیی پتەو و پاوەجێی نێوان ئێران و سووریا و ڕێز و سپاسی دەربڕی بەرامبەر بە هەڵوێستی بنەڕەتی و نەگۆڕی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەمەڕ پشتیوانی کردنی لە سووریا لە خەباتی دژ بە تیرۆر و داکۆکیکارانی تیرۆریزم.

سەرۆکی ڕێکخراوی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران شەوی هەینی لە سەروی شاندێکەوە بە مەبەستی دیدار و وتووێژ لەگەڵ کاربەدەستانی سووریا گەیشتە دیمەشق.

سەرپەیڤ