خۆپیشاندانی هەزاران کەس لە تێلاڤیڤ دژ بە گەندەڵیی نەتانیاهوو
هەزاران کەس لە دانیشتوانی فەلەستینی داگیرکراو شەوی یەکشەممە لە تێلاڤیڤ بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە گەندەڵیی دراویی "بنیامین نەتانیاهوو"ی سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنی خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ خۆپیشاندەران خوازیاری خێراتر کردنەوەی ڕەوتی لێکۆڵینەوە و دادگەیی کرانی سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنی بوون. ناڕازییان بە هەڵدانی درووشمگەلێک نەتانیاهوو و بنەماڵەکەیان بە "گەندەڵ" ناو برد.
خۆپیشاندان لە تێلاڤیڤ ئەوە هەشتە هەفتەیە بێ بڕانەوە بەڕێوە دەچێ.
فەلەستینی داگیرکراو لە ماوەی چەن مانگی ڕابردوودا بەردەوام خۆپیشاندانی دژ بە گەندەڵیی دراویی بنیامین نەتانیاهووی بە خۆوە بینیوە.
نەتانیاهوو گومانی بەشداری لە سەر سێ دۆسییەی گەندەڵیی دراوی لە سەرە. یەکەم دۆسییە دەگەڕێتەوە بۆ وەرگرتنی خەڵات لە بازارگانانی دەوڵەمەند. دۆسییەی دووەم پێوەندی بە ڕێککەوتنی سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنی لەگەڵ خاوەنی ڕۆژنامەی زایۆنیی "یەدیعوت ئاحارانووت"ـەوە هەیە بۆ ئەوەی هەواڵی باشتر سەبارەت بە کابینەکەی بڵاو بکاتەوە لەهەمبەردا نەتانیاهوو بەرتەسکی دابنێت بۆ ڕۆژنامەی خەنیم (ئیسراییل هیوم). لە دۆسییەی سێهەمیشدا نەتانیاهوو تۆمەتبارە بەوەی کە لە پرۆسەی کڕینی ژێردەریایی ئەتۆمی لە ئەڵمان یەکسەر خەریکی بەرتیل دان و بەرتیل وەرگرتن بووە.