کانونی دوھەم 29, 2018 21:02 Asia/Tehran
  • داوای هاوپەیمانیی سەعوودیا لە یەمەن بۆ تاووتوێی داواکاریی جودایی خوازان

هاوپەیمانیی سەعوودی کە لەساڵی٢٠١٥وە دەسوەردانی کاروباری یەمەنی کردووە، ئەمڕۆ دووشەممە خوازیاری بەڕێوەچوونی دانوستانی نێوان حکومەت(لەکارکشاوەو هەڵاتوو) ی یەمەن و جودایی خوازان بوو بەمەبەستی کۆتایی هێنان بە تێکهەڵچوونی توندوتیژ لە عەدەن لەباشووری ئەو وڵاتە.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی فەڕانسە لە ڕیاز، سەرهەنگ تەرەکی ئەلمالیکی وتەبێژی سەعوودیی ئەو هاوپەیمانییە لە پرێس کۆنفرانسێک لە ڕیاز وتی: هاوپەیمانی، جودایی خوازان بانگهێشتن دەکا دان بەخۆدابگرن و لەگەڵ حکومەتی یاسایی وتووێژ بکەن.

ناوبراو وتی: لەهەمان کاتدا، "ئێمە داوا لە حکومەتی  یاسایی دەکەین ، ویست و داوای بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی جودایی خوازان تاووتوێ بکات.

ئەو داواکارییە لەکاتێکدا هاتووەتە ئاراوە کە لەدوو ڕۆژ تێکهەڵچوونی نێوان هێزە جودایی خوازەکان و یەکە حکومەتییەکان، ئەمڕۆ دووشەممە ژماری کوژراوان گەیشتە٢٤کەس و دەیان کەسیش بریندار بوون کە لەنێویاندا کەسانی سیڤیل و ناسەربازیش بەرچاو دەکەوێ.