جەختی حەریری و یێڵدریم لە سەر چارەسەریی سیاسیانەی قەیرانی سووریا
سەرۆک وەزیرانی تورکیاو لوبنان لە سەر پێویستیی چارەسەرکرانی سیاسیانەی قەیرانی سووریا بە پارێزرانی مافی جەماوەری ئەم وڵاتە پێیان داگرت.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیسنا بە گێڕانەوە لە ماڵپەڕی نەشرەوە، بینالی یێڵدریم سەرۆک وەزیرانی تورکیا لە پرێس کۆنفرانسێکی ھاوبەش دا لەگەڵ سەعد حەریری ھاوتای لوبنانیی خۆی ڕایگەیاند: ئاسایشت و سەقامی لوبنان بۆ ئێمە گەلێک گرینگە و ئێمە لە سەر پشتیوانی کردنی ئەم وڵاتە بەردەوام دەبین.
ناوبراو وتیشی: لەم دیدارەدا سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی قودس و بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا قسەمان کرد. ناوبراو وەبیریشی ھێنایەوە کە،ڕەجەب تەیب ئەردوغانی سەرۆک کۆماری تورکیا داوای بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی لوتکەیی لە ئەستەموڵی کردو میشل عەونی سەرۆک کۆماری لوبنانیش تیای دا بەشداری کرد و وتارێکی کاریگەری لەو کۆبوونەوەیەدا ئاراستە کرد. لەو دانیشتنەدا قودس وەکوو پێتەختی فەلەستین ڕاگەیەندراو ئامادە بووان لەگەڵ بڕیارە یەک لایەنەکەی ترەمپ دا دژایەتییان کرد.
بینالی یێڵدریم سەرۆک وەزیرانی تورکیا وتیشی: پەیوەندییەکی گەرم و گوڕو دۆستانە لە نێوان تورکیاو لوبنان دا ھەیە. لە حەوت ساڵ لەمەوپێشەوە شەڕی نێوخۆیی لە سووریادا ھەبووەو بێ گومان لوبنان و تورکیاو ئەردەن لە ڕیزی ئەو وڵاتانەن کە زیاترین کاریگەرییان لەو قەیرانە بەرکەوتووەو ئاوارە سوورییەکان لەم وڵاتانە زیاترن. ئێمە پشتیوانیمان لە ئاوارە سوورییەکان کردو چاوەڕوانی یارمەتیی کۆمەڵگای جیھانیش نەماینەوە. ئێمە لە بارەی کاروباری نێونەتەوەیی و ئۆپراسیۆنی چڵەزەیتون کە ئامانجەکەی لەنێو بردنی تیرۆریزمە قسەمان کرد. ئامانجی ئێمە پشتیوانی کردن لە سەروەریی خاکی سووریاو ڕاگرتنی دەست درێژکاری بۆ سەر وڵاتەکەمانە. ئامانجمان نەھێشتنی ستەمەو ھەر لە بەر ئەمەش لەگەڵ سوپای ئازادی سووریادا وۆپراسیۆنەکەمان بەردەوام دەکەین.
سەعد حەریری سەرۆک کۆماری لوبنانیش پێی داگرت: من ستایشی کاربەدەستانی تورکیام کرد لە بەر یارمەتی دان بۆ ڕادەست کردنی یەکێک لەو تۆمەتبارانەی کە ھەوڵی تیرۆرکردنی موحەممەد حەمدانی دابوو. ئەم دیدارە ھەلێک بوو بۆ لێکدانەوەی ڕەوشتی ناوچەکەو گۆڕانکارییە دوو لایەنەکان و من داوام لە دەوڵەتی تورکیا کرد کە لە کۆنفرانسەکانی ڕۆم و پاریس پشتگری بکات.
ناوبراو وتیشی: ڕوانگەکانمان سەبارەت بە بڕیارەکەی دۆناڵدترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە بارەی قودسەوە ھاوتەریب بوو. ئێمە باسی قەیرانی سووریاشمان کردو لە سەر ئەوە ڕێک کەوتین کە تاکە ڕێگای چارەسەریی قەیرانەکە ھەوڵێکی سیاسییە کە بتوانێ مافی جەماوەری سووریاو ئاوارەکانی ئەو وڵاتە دەستەبەر بکات. لوبنان خوازیاری دەستەبەر کرانی گەڕانەوەی ھێمنی ئاوارەکان بۆ وڵاتەکەیانەو ئێمە لە سەر ھاواھەنگی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا بۆ چارەسەر کردنی لێشاوی قورسی پەنابەران بەردەوام دەبین.