دیمەشق: پەلاماری هاوپەیمانیی ئەمریکایی بۆ سەر دەیروزوور جەنایەتی جەنگییە
وەزارەتی دەرەوەی سووریا شەوی هەینی لە نامەیەکدا بۆ بەڕێوەبەری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایش، پەلاماری ڕۆژی پێنجشەممەی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانی بە ناو نیودەوڵەتی دژ بە داعش بە فەرماندەرێتیی ئەمریکا بۆ سەر دەیروزور، لە ڕۆژهەڵاتی سووریا کە بووە هۆی کوژران و بریندار بوونی زیاتر لە ١٠٠ کەس لە هێزە دەوڵەتییەکانی ئەم وڵاتەی بە جەنایەتی جەنگی وەسف کرد.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ وەزارەتی دەرەوەی سووریا لەم نامەیەدا ڕایگەیاند کە ئەو پەلامارە ماک و شوناسی تووش و دزێوی ئەمریکا دژ بە دەسەڵاتدارێتیی و یەکپارچەیی خاکی سووریا و خەڵکی ئەم وڵاتە نیشان دەدات.
وەزارەتی دەرەوەی سووریا خوازیاری ئیدانە کرانی نێودەوڵەتیی پەلاماری هاوپەیمانی ئەمریکایی بۆ سەر دەیروزور بوو.
دەوڵەتی سووریا بەردەوام بە ناردنی نامە بۆ بەڕێوەبەری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی ئەنجوەمەنی ئاسایش داوای لەوان کردووە کۆتایی بێنن بە جەنایەتەکانی هاوپەیمانیی ئەمریکایی لە سووریا.
گرووپی چاوەدێریی "ئەیروارز" کە پەلامارەکانی هاوپەیمانیی بە ناو نێودەوڵەتیی دژە داعش بە سەرکردایەتیی ئەمریکا بۆ سەر ئێراق و سووریای لە ژێر کۆنترۆڵ و چاوەدێریدایە ئەمدواییە ڕایگەیاند؛ زیاتر لە سێ هەزار کەسی مەدەنی لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە تا ئێستا لە پەلامارە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانیی ئەمریکایی بۆ سەر ئێراق و سووریا کوژراون.
ئەمریکا لە ساڵانی ئەمدواییەدا بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان ، خەڵکی مەدەنی لە سووریا و ئێراقی داوەتە بەر پەلامار.
هاوپەیمانی بە ناو دژە داعش لە سەردەمی سەرۆک کۆمارەتیی باراک ئۆباما بە مەبەستی بانگەشەکراوی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی نێو ئێراق و سووریا بنچینەی دانرا. ئەوە لە کاتێکدایە کە بە پێی ڕاپۆرتە فەرمییەکان، ئەمریکا و هاوپەیمانانانی ڕۆژاوایی و عەرەبیی ئەم وڵاتە خۆیان لە بناغەدانەران و پشتیوانانی سەرەکیی دراوی و چەکەمەنیی گرووپە تیرۆریستییەکان لەوان داعش دێنە ئەژمار.