کانونی یه‌که‌م 28, 2018 19:40 Asia/Tehran
  • یەکێتیی ئەورووپا، شارۆچکە سازییەکانی ڕژێمی زایونیی بە نایاسایی ڕاگەیاند

یەکێتیی ئەورووپا لە بەیاننامەیەک دا ھەوڵی شاروچکەسازیی ڕژێمی زایونیی لەمەڕ چێکردنی دووھەزارو ١٩١ ماڵ لە کەرتی ڕۆژئاوای چۆمی ئەردەن بە نایاسایی زانی.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران، نوسینگەی فدریکاموگرینی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا ڕۆژی پێنج شەممە لەم بەیاننامەیەدا وێڕای پێ داگرتن لە سەر ئەمەی کە ھەڵوێستی ئەم یەکێتییە لە ھەمبەر گەڵاڵەی شارۆچکەسازییەکانی ئیسرائیل نەگۆڕدراوە، شاروچکەسازییەکانی ڕژێمی زایونی لە سەرزەوییە داگیرکراوەکانی فەلەستینی بە گوێرەی بڕیارنامە نێونەتەوەییەکان بە نایاسایی زانی.

لە بەیاننەمەکەی یەکێتیی ئەورووپادا ھەروەھا باسی ئەوەش کراوە کە، بەردەوام کرانی ڕەوتی شارۆچکەسازیی ئیسرائیل ئاراستەی ئاشتی لە ناوچەکەی بە جارێک تێک داوە.

یەکێتیی ئەورووپا بە پێچەوانەی ئەمریکا کە بە ھاتنە سەر کاری دەوڵەتی داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە ڕێگای  پشتگریی ھەمەلایەنەی لە تەلەبیب گرتووەتە بەر، سیاسەتێکی جیاواز لەگەڵ کۆشکی سپیی لە ھەمبەر کێشەی فەلەستین ڕەچاو دەکات.

تەلەبیب لە ماوەی چەند مانگی ئەم دواییە بە مەبەستی گۆڕینی دیموگرافیای ناوچە فەلەستینیەکان و بەخشینی سیمایەکی زایۆنیستی بەم ناوچانە بە پاڵپشتیی ئەمریکا بەرنامەی پەرە پێ دانی  چێکردنی  شاروچکە زایونی نشینەکانی لە ناوچە داگیرکراوەکانی فەلەستین توندتر کردووەتەوە. سەرباری ئەوەی کە تەواوی شاروچکە زایونی نشینەکان بە گوێرەی یاساوڕێسا نێونەتەوەییەکان نایاسایین، کەچی ئیسرائیل داخوازییە نێونتەوەییەکان بۆ ڕاگرتنی ڕەوتی چێکردنی ئەم شارۆچکانە بە ھەند ناگرێت.

ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوەکان ئۆکتۆبەری 2016 بە دەرکردنی بڕیارنامەیەک شارۆچکەسازییەکانی ڕژێمی زایونی لە سەرزەوییە داگیرکراوەکانی فەلەستینی ئیدانە کرد. بە پێی ئەم بڕیارنامەیە، ڕژێمی زایونی ئەرکمەند دەکرێت بەوەی کە دەستبەجێ و بەتەواوی واز لە چالاکییەکانی لە بواری شارۆچکەسازی لە سەرزەوییە داگیرکراوەکانی فەلەستین لەوانە قودسی پیرۆز بهێنێ .

کۆڕو کۆمەڵە نێونەتەوەییەکان و وڵاتانی جیهانیش گەلێک جار داوایان لە ڕژێمی زایونی کردووە کە کۆتایی بە داگیرکردنی زەوییەکانی فەلەستین بهێنێ، کەچی ئەم ڕژێمە بەردەوام بە بێ ئەوەی ئەو ئاوڕ لەو داخوازییانەی کۆمەڵگای جیهانی بداتەوە، لە سەر داگیرکردنی سەرزەوی و داپڵۆساندنی فەلەستینییەکان بەردەوامە.

 

 

 

سەرپەیڤ