ئیسماعیل هەنیە: "سەودای سەدە" سێرەی گرتووەتە پرسی ئاوارەکان، قودس و لێواری رۆژاوا
سەرۆکی مەکتەب سیاسیی بزووتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامیی فەلەستین(حەماس) دوێشەو(یەکشەممە) خوازیاری هاتنەدی ستراتژیایەکی نیشتمانی بوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەڵاڵەی ئەمریکی"سەودای سەدە".
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئێران پرێس، "ئیسماعیل هەنیە" لە کۆبوونەوەی جەماوەریی بەرەنگاربوونەوەی "سەودای سەدە" و پاراستنی مافی گەڕانەوەی فەلەستینیەکان لە کەرتی غەززە، وتی: سەودای سەدە، سێرەی گرتووەتە پرسی ئاوارەکان، قودس ولێواری ڕۆژاوای چۆمی ئۆردن.
هەنیە هەروەها وتی: سەرباری تێپەڕینی حەفتا ساڵ بەسەر داگیرکرانی فەلەستین و دەرکرانی فەلەستینییەکان لە زێد و نیشتمانیان، پرسی ئاوارەکان، پرسێکی پاوەجێ بووەو ئەوەش پێشاندەری خۆڕاگریی خەڵکی فەلەستین و پێبەندبوونیان بە مافی گەڕانەوەیە.
سەرۆکی مەکتەب سیاسیی حەماس بەپێداگریی لەسەر ئەوەی کە فەلەستینیەکان تەنانەت لە بستێک لەخاکی وڵاتەکەیان چاوپۆشی ناکەن، وتی: خەڵکی فەلەستین قەت رژیمی زایۆنی بەڕەسمییەت ناناسێ و لەقودس و مافی گەڕانەوەش چاوپۆشی ناکەن.
"سەودای سەدە" گەڵاڵەیەکی نوێ لەلایەن حکومەتی ئەمریکایە کە لەهەوڵی لەبەین بردنی مافەکانی گەلی فەلەستینە، ئەو گەڵاڵەیە بەهاوکاری و ڕەزامەندیی ژمارێک وڵاتی عەرەب لەوان عەرەبستان ئامادە کراوە.