کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی سیخوڕیی ھاوپەیمانیی سەعودی لە باشووری یەمەن
ھێزی دژە ئاسمانیی سوپاو لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی سیخوڕیی ھاوپەیمانیی دەست درێژکاری سەعودیی لە باشووری یەمەن خستە خوارەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی هەواڵدەریی فارس ، ھێزی دژە ئاسمانیی سوپاو لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن ڕۆژی چوارشەممە فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی سیخوڕیی ھاوپەیمانیی دەست درێژکاری سەعودیی لە شارستانی «ئەلوەزاعیە»ی پارێزگای «تەعز»ی باشووری ڕۆژئاوای یەمەن تێک شکاند.
یەکەی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی سوپاولێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن ڕۆژی ٢٣ی ئوت و چوارەمی مای ٢٠١٩ ش لە «حرز»ی پارێزرگای حججەی باکووری ڕۆژئاوای یەمەن دوو فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ھاوپەیمانیی سەعودیی خستە خوارەوە.
ھەواڵێکی تر لە یەمەنەوە دەربڕی ئەوەیە کە دوابەدوای ھێرشی تۆپخانەی دەست درێژکارانی سەعودی بۆ سەر ناوچەی «ئەلحاج» لەشارستانی «بەیتولفەقیھ» لە پارێزگای حودەیدەی ڕۆژئاوای یەمەن کۆمەڵێک لە شارومەندانی یەمەنی بریندار بوون و زیانێکی زۆریش بە ماڵ و مەزرای خەڵکی ناوچەکە گەییشت.
ھێزەکانی یەمەنی لە ماوەی حەوتەکانی ئەم دواییە سەرکەوتنی گرینگی زۆریان لە بواری مەیدانیی شەڕی دژی ھاوپەیمانیی سەعودی تۆمار کردووە.
عەرەبستانی سەعودی وێڕای پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ بڕێک لە وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە لە مارسی دووهەزاروپانزەوە شاڵاوێکی بەربڵاوی دژی یەمەن دەست پێ کردووە و هاوکات ئەم وڵاتەی لە وشکانی و دەریاو ئاسمانەوە گەمارۆداوە . دەست درێژکاریی سەربازیی عەرەبستان ھەروەھا وڵاتی دەستکورتی یەمەنیشی لەگەڵ کەم بوونی خۆراک و دەرماندا بەرەوڕوو کردووەتەوە ڕێکخراوەی نەتەوەکان ڕایگەیاندووە، بە تێکڕایی نزیکەی نۆزدە ملوێن یەمەنی بە پتر لە دوو لە سێی تێکڕای حەشیمەتی ئەم وڵاتە پێویستیان بە یارمەتی و پشتیوانییە.
شەڕهەڵایساندنی عەرەبستان و ھاوپەیمانەکانی لە یەمەن ھەتا ئێستا کوژرانی پتر لە شانزە هەزار یەمەنی و بریندار بوونی دەیان هەزار کەس و هەڵوەدا بوونی ملوێنان کەس لە خەڵکی یەمەنی لێ کەوتووەتەوە.
ئەمریکا ھەر لە سەرەتای ھێرشی ھاوپەیمانیی سەعودی بۆ سەر وڵاتی بێ دەرەتانی یەمەن بە پێشکەش کردنی یارمەتیی لۆجیستیکی، ھەواڵگری و پشتیوانیی جەنگاوەرانە و فرۆشتنی چەک و چۆڵ بە عەرەبستانی سەعودی و ئیمارات پشتگریی لە ھاوپەیمانیی دەست درێژکاری دژی یەمەن کردووەو لە بڵێسەسەندنی ئاگری شەڕ لەم وڵاتە دەستکورتە عەرەبییەدا ڕۆڵێکی کارای گێڕاوە.