هۆکاری گیان لەدەستدانی٣٥٠ پەناخواز لە ئوسترالیا دەسبەسەرکرا
پۆلیسی ئوسترالیا پیاوێکی ئێراقی گرتووە لەپەیوەند لەگەڵ گیانلەدەستدانی زیاتر لە٣٥٠ پەناخواز لەساڵی٢٠٠١ی زایینی دا .
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی رۆیتەرز، پۆلیسی فدراڵی ئوسترالیا رۆژی شەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، پیاوێکی تەمەن چل وسێ ساڵانی ئێراقی لەبەر ئەو دەورەی بەڕواڵەت لە ڕێکخستنی مامەڵەیەکی قاچاخی مرۆڤدا بینیویەتی و سەرەنجام وەرگەڕانی بەلەمی پەناخوازان و گیان لەدەستدانی زیاتر لە٣٥٠ پەناخوازی لێکەوتەوە، تۆمەتبار کردووە.
کەسی ناوبراو کەناوی ئاشکرا نەکراوە، لە کۆتایی رۆژی هەینی پاش ڕادەست کرانەوەی لە نیوزیلەند لە فڕۆکەخانەی "بریزبەن"ی ئوسترالیا گیراو بە"ڕێکخستنی گرووپ و لایەنی بەدەر لەشارومەندە ئوسترالیەکان" تۆمەتبار کرا.
پۆلیسی ئوسترالیا ئیدیعا دەکا، ئەو کەسە کە سێهەم گومانلێکراوی ئەو دۆسییەیە، بەشێک لە سەندیکایەک بووە کە قاچاخی مرۆڤ بەتایبەت لە ئێراق و ئەفغانستان بۆ ئوسترالیای ڕێکدەخست.