پەسەندکرانی گەڵاڵەی چاکسازیی ئابوریی حکومەتی لوبنان
نووسینگەی سەرۆک کۆماریی لوبنان ڕایگەیاند، گەڵاڵەی سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە بۆ ڕزگارکردنی ئابوریی لوبنان، پەسەند کرا.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی فارس، ئەو گەڵاڵەیەی سەعد حەریری سەرۆک وەزیرانی لوبنان بۆ باشکردنی دۆخی ئابوریی وڵات خستوویەتییە بەردەست، بابەتی وەک ؛ کەمکرانی مووچەی وەزیران و نوێنەرانی پەرلەمان و هەڵوەشانی هەندێ باج لەخۆ دەگرێ.
بەپێی ئەو ڕاپۆرە، زۆربەی پارتە لوبنانیەکان ڕەزامەندییان دەربڕیوە لەگەڵ گەڵاڵەی ئابوریی سەعد حەریری.
نەبی بێرری سەرۆک پەرلەمانی لوبنانیش بەپێداگری لەسەر پاراستنی یەکپارچەیی وڵات، خوازیاری یەکڕیزیی نیشتمانی ویەکگرتوویی خەڵک بوو بۆ داکۆکی لە هەوڵەکانی حکومەتی لوبنان.
لوبنان لە پێنج ڕۆژی رابردوودا شایەتی خۆپێشاندانی جەماوەرییە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بە دانانی باجەکان و قەیرانی ئابوری.
سەرۆک وەزیران و بەرپرسانی باڵای لوبنان هیوادارن بە پەسەندکرانی گەڵاڵە ئابوریەکان، لەئاستی ناڕەزایەتی خەڵک کەم بکەنەوەو دۆخی ئابوریی باشتر بکەن.