کوێت گەڵاڵەی ئاشتیی ئێرانی وەرگرتووەو خەریکی تاوتوێ کردنیەتی
بە پێی نووسینی ڕۆژنامەی ئەلڕەئیی کوێت، جارەڵڵا یاریدەری وەزیری کاروباری دەرەوەی کوێت بە پەیامنێرانی وتووە کە کوێت گەڵاڵەی «دەستپێشخەریی ھۆرمۆز»ی وەرگرتووەو خەریکە تاوتوێی دەکات.
بەپێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، «خالید جارەڵڵا» یاریدەری وەزیری کاروباری دەرەوەی کوێت ڕایگەیاندووە: وڵاتەکەی گەڵاڵەی «دەستپێشخەریی ھۆرمۆز»ی کە لەلایەن «حەسەن ڕۆحانی» سەرۆک کۆماری ئێران بۆ دابین کردنی ئاسایشتی ئاوەکانی کەنداوی فارس پێشنیار کراوە، وەرگرتووەو خەریکە تاوتوێی دەکات.
ھاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی ئاڵۆزی لە ناوچەکە داوبەدوای ھەڵمەتی ئەنساروڵڵای یەمەن بۆ سەر دامەزراوەی نەوتیی ئارامکۆی عەرەبستان، «حەسەن ڕۆحانی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی لە کۆگەی گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوەکان پەردەی لەسەر دەستپێشخەریی تازەی ئێران لەژێر ناوی «ھاوپەیمانی لە ئاراستەی ھیواو ئاسایشتی ھۆرمۆز» ھەڵدایەوە.
ئەو ھاوپەیمانییەی وا ئێران باسی دەکات ھەشت وڵاتی ناوچەکە دەگرێتەوە کە شەشیان لە باشووری کەنداوی فارس دا ھەڵکەوتوون و داگری وڵاتانی قەتەر، کوێت، بەحرەین، عەرەبستانی سەعودی و میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکانن بە ئێران و عێراقیشەوە .
دەرھاویشتەی ئەوەی وا بڵاو بووەتەوە ئەمەیە کە تەوەرەی ئەم ھاوپەیمانییە ھاریکارییەکی بەکۆمەڵی نێوخۆیی تایبەت بە ناوچەی کەنداوی فارسە.
پێشتر موحەممەد جەواد زەریف وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ھاوتا کوێتییەکەی لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆگەی گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوەکان پێکەوە دیداریان کردووەو پرسە ناوچەییەکان و بە تایبەت «دەستپێشخەریی ھۆرمۆز»یان بە تێروتەسەلی لێک داوەتەوە.