فڕۆکە شەڕکەرەکانی هاوپەیمانیی سەعودی «حودەیدە»ی یەمەنیان بوردومان کرد
https://kurdish.sahartv.ir/news/ڕۆژهەڵاتی_ناڤین-i371959-فڕۆکە_شەڕکەرەکانی_هاوپەیمانیی_سەعودی_حودەیدە_ی_یەمەنیان_بوردومان_کرد
هاوپەیمانیی دەست درێژکاری سەعودی شەوی یەکشەممە هەمیسان ئاگربڕی پارێزگای «حودەیدە»ی یەمەنیان پێشێل کرد.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
تشرینی دووه‌م 17, 2019 09:15 Asia/Tehran
  • فڕۆکە شەڕکەرەکانی هاوپەیمانیی سەعودی «حودەیدە»ی یەمەنیان بوردومان کرد

هاوپەیمانیی دەست درێژکاری سەعودی شەوی یەکشەممە هەمیسان ئاگربڕی پارێزگای «حودەیدە»ی یەمەنیان پێشێل کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەلعالەم، کەناڵی مەسیرەی یەمەن ڕایگەیاند: فڕۆکە شەڕکەرەکانی هاوپەیمانیی سەعودی بە شێوەیەکی بەربڵاو ناوچە جۆربەجۆرەکانی پارێزگای «حودەیدە»ی ڕۆژئاوای یەمەنیان بوردومان کردووە.

هێشتا لە بارەی زیانە شیمانەییەکانی ئەم شاڵاوانە هیچ ڕاپۆرتێک بڵاو نەبووەتەوە.

ئەو ئاگربڕەی کە لە سوییددا لەنێوان شاندە ناردراوەکەی سەنعاو شاندەکەی ڕیاز سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە 18ی دیسامبەر لە مەڕ پارێزگای «حودەیدە»ی ڕۆژئاوای یەمەن ڕێککەوتنی لەسەر کرا، لە ئێستادا بەشێوەی ڕۆژانە لە لایەن هاوپەیمانیی دەست درێژکاری سەعودییەوە پێشێل دەکرێت.

چوارەمین خولی دانوستانی ئاشتیی یەمەن لە شەشەمی دیسامبەری 2018ەوە بە ئامادە بوونی لایەنەکانی یەمەنی بە سەرۆکایەتیی مارتین گریفتیس نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری یەمەن لە ستۆکهۆڵمی سویید دەستی پێ کراو ڕۆژی پێنج شەممە 13ی دیسامبەری 2018 بە ڕێککەوتن لە سەر ئاگربڕ لە حودەیدە کاری خۆی کۆتایی پێ هێنا.

هەتا ئێستا چەندین جار بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی یەمەن هێندێک هەوڵ دراوە کەچی هەرجارێکیش لەبەر کارشکێنیی عەرەبستان و هاوپەیمانەکانی بە چەقبەستوویی گەییشتووە.

عەرەبستانی سەعودی وێڕای پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ بڕێک لە وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە لە مارسی دووهەزاروپانزەوە شاڵاوێکی بەربڵاوی دژی یەمەن دەست پێ کردووە و هاوکات ئەم وڵاتەی لە وشکانی و دەریاو ئاسمانەوە گەمارۆداوە. ئەمە جیا لەوەی کە ژێرخانەکانی ئەم وڵاتە بە تەواوی خاپوور کراون و جەماوەری ئەم وڵاتە بەرەوڕووی دیاردەی دەگمەن و بەربڵاوی برسیەتی و نەخۆشیی بەربڵاو لەوانە کۆلێرا بوونەتەوە بە تایبەت منداڵان و بەساڵاچووان. ڕێکخراوەی نەتەوەکان ڕایگەیاندووە، بە تێکڕایی نزیکەی نۆزدە ملوێن یەمەنی بە پتر لە دوو لە سێی تێکڕای حەشیمەتی ئەم وڵاتە پێویستیان بە یارمەتی و پشتیوانییە.

شەڕهەڵایساندنی عەرەبستان و ھاوپەیمانەکانی لە یەمەن ھەتا ئێستا کوژرانی پتر لە شانزە هەزار یەمەنی و بریندار بوونی دەیان هەزار کەس و هەڵوەدا بوونی ملوێنان کەس لە خەڵکی یەمەنی لێ کەوتووەتەوە.سەرباری ئەمەش ڕژێمی سەعودی و ھاوپەیمانەکانی ھەتا ئێستا نەیانتوانیوە لە بەر خۆڕاگریی جەماوەری یەمەن ئامانجەکانیان لەم وڵاتە مسۆگەر کەن کە بە دەستەڵات گەیاندنی دەستنیاکانی خۆیانە.