ئەمیر عەبدوڵڵاھییان:لەبارەی دانوستانەکانی ڤییەنا گەشبین و ھاوکات مکوڕیشین
وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران وتی:کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بارەی دانوستانەکانی ڤییەنا گەشبین و ھاوکات مکوڕیشە.
وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای نیوەڕۆی ڕۆژی پێنج شەممەو وەک دووھەمین وێستگەی گەشتە ناوچەییەکەی دوای سووریا گەییشتە لوبنان.
«حسەین ئەمیر عەبدوڵڵاھییان» لە درێژەی ڕاوێژەکانی لەگەڵ کاربەدەستانی باڵای لوبنان، ئێوارەی ڕۆژی پێنج شەممە چاوی بە «نەجیب میقاتی» سەرۆک وەزیرانی ئەم وڵاتە کەوت.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی ھەینیی ھەواڵدەریی خوێندکارانی ئێران (ئیسنا)، لە دیدارەکەدا «حسەین ئەمیر عەبدوڵڵاھییان» وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران لە سەر ئامادە بوونی ئێرانی بۆ ھاوکاریی بەرامبەر لەگەڵ لوبنان بە مەبەستی دابین کردنی پێداویستییەکانی ئەم وڵاتە لە ڕووی وزەوە لەوانە لە بواری کارەباو گاز پێی داگرت و وتیشی: لەم بوارەدا ھۆگری پەرەد پێ دانی پەیوەندییەکانین لەگەڵ لوبنان دا.
وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران وتیشی: لە دانوستانەکانی ھەڵوەشاندنەوەی بایکۆتەکان لە ڤیەنا، کۆماری ئیسلامیی ئێران وێڕای پێداگرتن لە سەر مسۆگەر کردنی داخوازییە ڕەواکانی، ھێڵە سوورە دیاری کراوەکانی کە ھەمان چاوپۆشی نەکردن لە بەرژەوندی و مافی جەماوەری ئێرانە، نابەزێنێ.
«حسەین ئەمیر عەبدوڵڵاھییان» وێڕای ئاماژە کردن بەمەی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بارەی دانوستانەکانی ڤییەنا گەشبین و ھاوکات مکوڕیشە، وتی: لە ڕوانگەی ئێمەوە ڕێککەوتن دەبێ بەجۆرێک بێت کە ھەڵوەشاندنەوەی بایکۆتەکان بە شێوەیەکی گشتی مسۆگەر بکرێت، ئێمە دەمانەوێ دانوستانەکان بە شێوەیەک بن کە تەواوی ناوچەکە لێی بەھرەمەند بێت و پەیوەندییە باشەکانمان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە پەرە بستێنێ.
ھەر لە دیدارەکەدا سەرۆک وەزیرانی لوبنانیش بەرامبەر بە سەرکەوتوو بوونی دانوستانەکانی ڤییەنا ھیواداریی دەربڕی و جەختی کردەوە لە سەر کاریگەرییە ئەرێنییەکانی پەیوەست بە تەواوی ناوچەکەو لەوانە وڵاتی لوبنان.
«نەجیب میقاتی» ھە روەھا لە وتووێژەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و عەرەبستانی سەعودی پێشوازیی کردو وتیشی: لوبنان لە چارەسەریی ناکۆکییەکانی نێوان دوو وڵات بەھرەمەند دەبێت.
ناوبراو لە دیپلۆماسیی ناوچەیی ئێران لە ئاراستەی کەم کردنەوەی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکە ڕێزی گرت.