دژایەتی گەل وکۆمەڵگا سیاسی و ئایینیەکانی لوبنان لەگەڵ ڕێککەوتنی بەیرووت و تەلابیب
https://kurdish.sahartv.ir/news/ڕۆژهەڵاتی_ناڤین-i445062-دژایەتی_گەل_وکۆمەڵگا_سیاسی_و_ئایینیەکانی_لوبنان_لەگەڵ_ڕێککەوتنی_بەیرووت_و_تەلابیب
هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەوەی کە بەیروت و تەلئەبیب گەیشتنە چوارچێوەی ڕێککەوتن لە دانوستانەکانی واشنتۆن، هەزاران لوبنانی بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین هاتنە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندانیان کرد. حیزبوڵڵای لوبنانیش وێڕای جەخت کردن لەسەر دژایەتی لەگەڵ ئەو ڕێککەوتنە هەروەها هۆشداری دا بەبێ بەرخۆدان هیچ کردارێک سەرکەوتوو نابێت.
(last modified 2026-06-27T14:12:58+00:00 )
حوزه‌یران 27, 2026 16:49 Asia/Tehran
  • دژایەتی گەل وکۆمەڵگا سیاسی و ئایینیەکانی لوبنان لەگەڵ ڕێککەوتنی بەیرووت و تەلابیب

هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەوەی کە بەیروت و تەلئەبیب گەیشتنە چوارچێوەی ڕێککەوتن لە دانوستانەکانی واشنتۆن، هەزاران لوبنانی بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین هاتنە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندانیان کرد. حیزبوڵڵای لوبنانیش وێڕای جەخت کردن لەسەر دژایەتی لەگەڵ ئەو ڕێککەوتنە هەروەها هۆشداری دا بەبێ بەرخۆدان هیچ کردارێک سەرکەوتوو نابێت.

ئاژانسی هەواڵی “شەهاب”ی فەلەستینی بڵاویکردەوە، خۆپیشاندان لە شەقامەکانی زاحیەی باشووری بەیروت لە ناڕەزایەتی دەربڕین بە ڕێککەوتنی چوارچێوە لەگەڵ ڕژێمی زایۆنیستی کە گەلی لوبنان بە پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ڕژێمی زایۆنیستی ناوی دەبەن دەستی پێی کرد . ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە جەماوەری لوبنانی ناڕازی بەرەو بنکەی حکومەت لە بەیروت  کەوتنە ڕێی و گەیشتنە نزیک کۆشکی سەرۆک وەزیران. سوپای لوبنان زرێپۆش و کەرەستەی قورسی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ناڕەزایەتییەکان جێگیر کرد. هەروەها هێزە ئەمنییەکان بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران کەڵکیان لە گازی فرمێسکڕێژ  وەرگرت . ئەم خۆپیشاندانە دوای ئەوە دێت کە "حەسەن فەزڵوڵڵا" ئەندامی فراکسیۆنی  وەفاداری بۆ  بەرخۆدان لە پەرلەمانی لوبنان سەعاتێک پێش ئێستا وتی: دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ دوژمنی زایۆنی دژی مادەی ٥٢ی دەستووری لوبنانە و هیچ کەس مافی ئەوەی نییە دوژمنایەتی لەگەڵ ڕژێمی زایۆنی هەڵبوەشێنێتەوە. ئەم بەرپرسە لوبنانییە جارێکی دیکە دژایەتیی حیزبوڵڵای لوبنانی بۆ هەر دانوستانێکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەم ڕژێمەدا ڕاگەیاند و جەختی لەوە کردەوە: ئەم پرۆسەیە ئیمتیازاتی ئازادانە بە ڕژێمی زایۆنیستیە کە تەنیا دەبێتە هۆی لەناوچوونی لوبنان. هاوکات ئەحمەد قەبلان، موفتی جەعفەری لوبنان ئەم ڕێککەوتنەی بە "بێ شەرعیەت" زانی و جەختی لەوە کردەوە کە ئەوەی لە پشت پەردەی واشنتۆن دەگوزەرێت "کارەساتێکی نیشتمانییە" بۆ لوبنان. قەبەلان  هەروەها حکومەتی لوبنانی بەوە تۆمەتبار کرد کە کلیلی سەروەری وڵاتەکەی ڕادەستی واشنتۆن و تەلئەبیب کردووە و ڕایگەیاند کە ئەم ڕێککەوتنە بە هیچ نرخێک جێبەجێ ناکرێت. هاوکات بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی، هەروەها بانگەشەی ئەوەی کرد کە بە پێی ڕێککەوتنەکە، هێزەکانی ئەم ڕژێمە دوو خاڵ لە ناوچە داگیرکراوەکان ڕادەستی سوپای لوبنان دەکەن، بەڵام هەتا چەکداماڵینی تەواوەتی حیزبوڵڵا لە ناوچەی ناسراو بە پشتێنی ئەمنی لە باشووری لوبنان دەمێننەوە. پێشتریش ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان لە وتارێکدا بە ئاماژە بە شکستی دەستدرێژکاران لە گەیشتن بە ئامانجە فراوانخوازیەکانیان، جەختی لەوە کردەوە کە  ڕژێمی زایۆنی دەبێت بێ مەرج بڕوات و هیچ پابەندبوونێک لە دژی سەروەری لوبنان قبوڵ ناکرێت.