دەسدرێژکاریی زایۆنییەکان بۆسەر باشووری لوبنان؛ لە بۆردومانی فۆسفۆری هەتا تەقاندنەوەی ماڵەکان
https://kurdish.sahartv.ir/news/ڕۆژهەڵاتی_ناڤین-i446184-دەسدرێژکاریی_زایۆنییەکان_بۆسەر_باشووری_لوبنان_لە_بۆردومانی_فۆسفۆری_هەتا_تەقاندنەوەی_ماڵەکان
رژیمی زایۆنیستی لە درێژەی تاوپێدانی پەلامارەکانی لە باشووری لوبنان، لە گولـلەی فۆسفۆری کەڵکی وەرگرت و هێرشی وێرانکەر و تەقاندنەوەی ماڵ و خانووبەرەکانی لە چەند شار و گوندیش بەردەوام کرد. وەزارەتی تەندروستیی لوبنانیش ڕایگەیاند کە ژوماری شەهیدانی ئەو وڵاتە لە شەڕ لەگەڵ رژیمی زایۆنیستی تائێستا گەیشتووەتە سنووری نۆ هەزار کەس.
(last modified 2026-08-22T13:59:42+00:00 )
ئاب 22, 2026 17:05 Asia/Tehran
  • دەسدرێژکاریی زایۆنییەکان بۆسەر باشووری لوبنان؛ لە بۆردومانی فۆسفۆری هەتا تەقاندنەوەی ماڵەکان

رژیمی زایۆنیستی لە درێژەی تاوپێدانی پەلامارەکانی لە باشووری لوبنان، لە گولـلەی فۆسفۆری کەڵکی وەرگرت و هێرشی وێرانکەر و تەقاندنەوەی ماڵ و خانووبەرەکانی لە چەند شار و گوندیش بەردەوام کرد. وەزارەتی تەندروستیی لوبنانیش ڕایگەیاند کە ژوماری شەهیدانی ئەو وڵاتە لە شەڕ لەگەڵ رژیمی زایۆنیستی تائێستا گەیشتووەتە سنووری نۆ هەزار کەس.

بەپێی ڕاپۆری کەناڵی ئەلعالەم؛ میحوەری "عەلی تاهیر" بەردەوام لەلایەن رژیمی زایۆنییەوە دراوەتە بەر پەلامار و هاوکات چەند ڕاپۆرێک لەبارەی ئامادەیی ئەو رژیمە بۆ ئەنجامدانی هێرشی سەربازی لەو ناوچە، بڵاو کراوەتەوە.

ئەو پەلامارانە هاوکات لەگەڵ تەقەو دەسڕێژ و گەڕان بە ڕەشاش و گەشت لێکدانی بەردەوامی خۆفڕەکان، ئەنجامی گرتووەو زیادکردنی قەبارەی وێرانکاریی لە گوندەکانی باشووری لوبنانی لێکەوتووەتەوە.

کەناڵی ئەلمەیادینیش ڕایگەیاند کە سوپای رژیمی زایۆنیستی شەوی هەینی شارۆچکەی ئەلمەنسوری تۆپباران کردووە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرە، هێزەکانی سوپای داگیرکەر هەروەها هێرشێکی تەقاندنەوەیان لە دەورووبەری شارۆچکەی "زوتەر شەرقییە" لە باشووری لوبنان دەس پێ کرد. کەناڵی ئەلمەیادین هەروەها ڕایگەیاند کە فڕۆکە جەنگییەکانی رژیمی زایۆنیستی، دەورووبەری ناوچەکانی عەلی تاهیر و دەبشە لە باشوری لوبنانیان بۆردومان کرد.

لەکاردانەوەی فەرمیی بەو دەسدرێژییانە، نەواف سەلام سەرۆک وەزیرانی لوبنان، لەمیانی سەردانی لە شاری سوور، ئەو کردانەی ئیدانەکردو ئەوانی بە دەسدرێژکاریی ئاشکرا لێکدایەوەو جەختی کرد لەسەر پێویستیی ڕاگرتنی خێرای ئەو پەلامارانە.

لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی تەندروستیی لوبنان لە تازەترین ڕاپۆری خۆیدا ڕایگەیاند کە لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣وە تائێستا هەشت هەزار و ٩١٥ کەس لە ئاکامی پەلامارەکانی رژیمی زایۆنیستی شەهیدو سی هەزار و ٥٤٣ کەسیش بریندار بوون.

ئەو وەزارەتخانە ڕایگەیاند کە لە دووی مارسی ٢٠٢٦ـەوە و پاش دەسپێبوونی شەڕ دژی ئێران هەتا ئێستا، ٤ هەزار و ٣٤٨ کەس لە لوبنان شەهیدو ١٢ هەزار و ٣٠٧ کەسی دیکەش بریندار بوون.