هێزە خۆڕاگرەکانی یەمەن گەیشتنە شاری کەنارئاویی خۆخەو بەرەو بنکەکانی بەکرێگیراوانی سەعودیا چوونەپێش
هێزە خۆڕاگرەکانی یەمەن گەیشتنە شاری کەنارئاویی خۆخە لە پارێزگای حودەیدەو پێشڕەویی بەرەو بنکەو پێگەکانی بەکرێگیراوانی سەعودیا لە بەندەری مۆخا درێژە پێ دەدەن. ماڵپەڕی کەناڵی ئەلجەزیرەش نووسی: کۆنترۆڵکرانی مۆخا لەلایەن هێزە چەکدارەکانی یەمەن دەتوانێ دۆخێکی یەکجار بەهێز بۆ ئەوان بڕەخسێنێ لەنزیک گەرووی ستراتژیکی بابولمەندەب.
دەگوترێ پێ دەچێ هێزە یەمەنییەکان پاش ئەوەی شاری "حیس"یان کۆنترۆڵ کردەوە کە لەلایەن میلیشیا بەکرێگیراوەکانی سەعودیا چۆڵکرابوو، پێشڕەوییان درێژە پێدا و دەسبەجێ چوونەنێو خۆخە.
لەلایەکی دیکەوە، هێزە یەمەنییەکان پاش ئەوەی کۆنترۆڵی بنکەی "خالید"یان گرتەدەست، گەیشتنە چیای "نار" و لەگەڵ بەکرێگیراوانی سەعودیی تێکهەڵچوون.
سەرچاوە خۆجێیەکانیش ڕایانگەیاند، هێزی ئاسمانیی سەعودیا دەورووبەری چیای "نار" لە رۆژهەڵاتی بەندەری "مۆخا"ی بۆردومان کرد هەتا پێش بگرێ بە پێشڕەویی هێزە چەکدارەکانی یەمەن بەرەو حەشارگەو مۆڵگەی بەکرێگیراوانی سەعودیا.
هاوکات ژومارێک میدیای عەرەبی باسی روودانی چەند تەقینەوەیان کرد لە بنکەی ئاسمانیی مەلەک فەهەد هەڵکەتوو لە ناوچەی "تائیف" لە عەرەبستان.
میدیای عەرەبیی"سابرین نیوز"نووسی کە هاوکات لەگەڵ هەڵاتن و تەسلیمبوونی بەکرێگیراوانی سەعودی لە شاری "یەختەل"، هێزە خۆڕاگرەکانی یەمەن چوونە ئەو ناوچەو لەمەودای ١٥ کیلۆمەتریی بەندەری مۆخا جێگیربوون.
هاوکات سوپای یەمەنیش، بنکەکانی بەکرێگیراوانی سەعودیا لە مۆخا بە مووشەک و درۆن دەکاتە ئامانج.
فڕۆکە جەنگییەکانی دوژمنی سەعودیاش لەچەند کاتژمێری ڕابردوو نزیک بە چل جار پارێزگاکانی تەعز، حودەیدەو جوف ومەئریبیان بۆردومان کرد.
کەناڵی ئەلجەزیرەش لە ڕاپۆرێکدا بەئاماژە بە گرینگیی ستراتژیکی کۆنترۆڵی بەندەری مۆخا لە یەمەن نووسی: ئامانجی سەرەکیی هێزە چەکدارەکانی یەمەن لە ئۆپەراسیۆنی ئەم دواییەی دژی حکومەتی جێی داکۆکیی عەرەبستان، کۆنترۆڵکردنی شاری ستراتژیکی مۆخا بووە، شارێک کە بێتوو کۆنترۆڵ بکرێتەوە، یەمەن دەتوانێ بازنەی دەسەڵاتی خۆی لەدرێژەی بابولمەندەب، یەکێ لە ڕێڕەوە سەرەکییەکانی گەمییەوانی و تیجارەتی نێودەوڵەتی، بەشێوەیەکی بەرچاو بەرفراوان بکا.
هێزە چەکدارەکانی یەمەن هەروەها لەهەوڵی بڕینی ڕێگاو ڕێڕەوەکانی ئامادەکاریی هێزەکانی حکومەتی کاربەڕێکەر و جێی داکۆکیی عەرەبستانن، بۆ نموونە، جاددەی نێوان مۆخاو تەعز، ڕێگاکانی باشووری مۆخا کە ئەو هێزانە دابین دەکەن و هێڵەکانی ئامادەکاریی لەڕێی بەندەری مۆخا کە یەکێ لە ناوەندە گرینگە لۆجستییەکانی ئەو هێزانەیە لە کەناری رۆژاوای یەمەن.
بێتوو ئەو پرۆسە درێژەی بێ، هێزە چەکدارەکانی یەمەن دەتوانن کۆنترۆڵی ناوچەگەلێکی زیاتر لە یەمەن بگرنەدەست و لە بابولمەندەب نزیکتر ببنەوە.