ئەشکەوتە سەیروسەمەرەکانی ئێران
ئەشکەوتە جوان و سەیروسەمەرەکانی وڵاتی ئێران باشتر بناسین.
ئەمجارەیان لە نێوان شوێنە گەشتیارییەکانی ئێران دەچینە سەروەختی ئەشکەوتە جوان و سەیروسەمەرەکانی ئەم وڵاتە و لێرەدا دەمانەوێ هەندێک لەو ئەشکەوتە سەرەنج ڕاکێشانەی ئێران بە ئێوە بناسێنین:
ئەشکەوتی کەرەفتوو
ئەشکەوتی کەرەفتوو یەکێک لە سەرەنج ڕاکێش ترین شوێنە گەشتیارییەکانی پارێزگای کوردستانە کە خەڵکی ئێرانی کەونارا بە ئامراز و کەرەستەی دەستی سازیان کردووە.
ئەم ئەشکەوتە قسڵینە بە هۆی بوونی بەردەنووسی یۆنانی کە لەودا باسی "هراکلیوس"ی خودای یۆنانی کەونارای تێدا کراوە وەکوو پەرەستگەی "هراکلیوس" ناودێر کراوە. ئەم ئەشکەوتە لە 4 نهۆم پێک هاتووە کە داڵان و ڕەهەندەکانی پیشاندەری بوونی چەشنێک نژیارڤانی پێشکەوتووە لەو سەردەمەدا. هەروەها لە هەندێک لە ژوورەکاندا نەخش و نیگاری گیانلەبەران و مرۆڤ و گژوگیاکان لەسەر بەردەکان هەڵقەنراوە.
ئەشکەوتی سەهۆڵانی مەهاباد
ئەشکەوتی سەهۆڵان دووەمین ئەشکەوتی گەورەی ئاویی ئێرانە. ئەم ئەشکەوتە لە 35 کیلۆمەتری باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری مەهاباد و لەسەر ڕێگای مەهاباد – بۆکاندا هەڵکەوتووە کە بە جاددە بورهانیش بەناوبانگە.
ئەم ئەشکەوتە ئاوییە بە قەندیلی جوان و تایبەت لە بناری زنجیرەکێوێک لەژێرناوی "کۆتر"دا هەڵکەوتووە کە پێشینە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 70 ملوێن ساڵ لەمەو پێش.ئەم ئەشکەوتە سەد ساڵ لەمەو بەر بۆ یەکەم جار لەلایان "ژاک دەمەرگان"ی فەڕەنسایی خرایە بەر کەندوکۆش و تاووتوێ کردن. بە پێێ وتەی تاقمێک لە ڕدێن سپییەکانی گوندەکانی ئەو دەڤەرە، لە ماوەی پەلاماری ڕووسەکان بۆ سەر ناوچەکە، دانیشتووانی گوندەکانی دەوروبەر لە نێو ئەو ئەشکەوتەدا خۆیان حەشار داوە. تەنیا بوونەوەرانی زیندووی ئەم ئەشکەوتە کۆتر و شەمشەمەکوێرەن کە بەشگەلێک لەو ئەشکەوتەیان بۆ هێلانە ساز کردن هەڵبژاردووە.
گۆماوی نێو ئەشکەوتەکەش زۆر زوڵال و ڕوونە. قووڵاییەکەشی سەرباری تاریک بوون هەتا چەند میترێک هەر دیار و ئاشکرایە.
ئەشکەوتی عەلی سەدر
کەمتر کەسێک هەیە کە ناوی عەلی سەدری بۆ ئاشنا نەبێت. ئەم ئەشکەوتە گەورەترین ئەشکەوتی ئاویی جیهان له شاری هەمەدانە. ئەمڕۆکە بۆ بەشگەلێک لە بوارگەکانی ئەم ئەشکەوتە کارەبایان کێشاوە و ڕوونیان کردووەتە بۆیە بەسەر کردنەوەیان هاسانە.
داڵان و ڕەهەندە ئاوییەکانی بە میچێکی تەژی لە قەندیل ، بەڕاستی یەکێکە لە شاکارەکانی جیهانکە نابێ هەلی بەسەر کردنەوەی ئەم جوانییانە لە کیس بدەین