هۆکار و شوێنهاتەکانی خۆ لەکار کێشانەوەی عەلاوی
محەممەد تۆفیق عەلاوی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ڕایگەیاند، لە پێکهێنانی کابینە پاشگەز بووەتەوە.
محەمەد تەوفیق عەلاوی سەرۆک وەزیرای ڕاسپێردراوی عێراق لە دوا کاتەکانی دەرفەتی یاسایی بۆ پێکهێنانی کابینە، نامەی خۆ لەکارکێشانەوەی پێشکەشی بەرهەم ساڵح ی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە کرد.
عێراق لە یەکەمی ئۆکتۆبەرەوە گۆڕەپانی خۆپیشاندانی دژە حکوومی بووە، ئەو خۆپیشاندانانە کە ڕیشەی لە کێشە کۆمەڵایەتیەکاندا بووە بە خۆتێوەردانی بیانیەکان و خەیانەتی ڕەوت و لایەنە لادەرانە نێوخۆییەکان، ئەنجامێکی تووند و تیژی لێ کەوتەوە. عادڵ عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتەی عێراق لە کاردانەوە بەرامبەر بەو تووند و تیژیانەی سەر شەقام و جاددەکان، خۆی لە پۆستەکەی کشایەوە و لە یەکەمی دێسەمبەرەوە تاکوو ئێستا وەکوو سەرۆک وەزیرانی بەرەوپێشەوە بردنی کاروبارەکان، چالاکیەکانی بەردەوام کرد.
لەپاش هەوراز و نشێوی زۆر و ڕاگەیاندنی ناوی جۆربەجۆر بۆ وەئەستۆ گرتنی پۆستی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق، ئەنجام بەرهەم ساڵح لە یەکەمی فێڤریەی 2020دا محەمەد تەوفیق عەلاویی وەکوو سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ دیاری کرد. بەڵام عەلاوی لەو دەرفەتە یەک مانگەیەدا ئەو ئەرکەی پێ جێبەجێ نەکرا و ناچار بوو خۆی لە کار بکێشێتەوە.
پرسیاری گرینگ ئەوەیە کە لەبەرچی عەلاوی نەیتوانی کابینەکەی پێک بێنێ؟
گۆڕانکاریەکانی عێراق بەتایبەت لەم حەفتەی دواییدا پیشان دەدات لە لایێکەوە ئەگەرچی 100 ساڵ بەسەر سەربەخۆیی ئەو وڵاتە تێدەپەڕێت، هێشتا هەر لە ئیستیعمار و چەوسێنەرانی بیانی ئازار دەبینێ و لەلایێکی دیکەشەوە سەرەڕای بوونی ناهێمنی و تووند و تیژی 5 مانگان، هێشتا هەر لایەنە سیاسیەکان، بەرژەوەندیی هۆزی سەرتر لە بەرژەوەندی نیشتمانی دەزانن.
داڕشتی جەماوەری و سیاسیی عێراق بەرهەمی سیاسەتەکانی بەریتانیای چەوسێنەرە. لایەنە جۆربەجۆرەکانی ئەو وڵاتە بریتی لە کورد، شێعە و سوننە سەرباری ناکۆکی زۆر لە نێو جوگرافیەکی هاوبەش لە عێراقدا پێکەوە دەژین. باڵ و لایەنە عێراقیەکان بە ئامانجی وەدەسهێنانی کورسی زیاتر یاخود پۆستی گرینگی وەزاری، گوشاری زۆریان خستە سەر عەلاوی و لە کردەوەدا لە پێناو بەخشینی دەنگی متمانە بە کابینەکەی هەنگاویان نەنا. لەڕاستیدا لایەنە عێراقیەکان بە بێ ئاوڕدانەوە لە هەلومەرجی هەستیاری ئێستاکەی ئەو وڵاتە، گرینگایەتیان نەدایە بەرژەوەندی نیشتمانیان. محەمەد تەوفیق عەلاویش لە دەقی نامەی خۆ لە کارکێشانەوەکەیدا گوشاری هەندێک لە پارت و حیزبەکان لەسەر ئەو بۆ دەستەبەر کردنی بەرژەوەندی حیزبی و تاکی و نەک نیشتمانی بە هۆکاری ئەو خۆ لەکار کێشانەوەیە، زانیوە.
پرسیاری گرینگی تریش ئەوەیە کە شوێنهاتەکانی بەئەنجام نەگەیشتنی ڕەوتی پێکهێنانی کابینەی نوێ چی ئەبێت؟
گرینگترین شوێنهاتی خۆ لەکارکێشانەوەی تەوفیق عەلاوی ئەوەیە کە ماوەی گەڵاڵەی بەرەوپێشەوە بردنی کاروبارەکان کۆتایی پێ هاتووە و ئەوە بۆ یەکەمجارە کە سەرۆک کۆماری عێراق هاوکات پۆستی سەرۆک وەزیرانیش وەئەستۆ دەگرێت. خاڵی دیکەش ئەوەیە کە سەرۆک کۆمار دەبێ لە ماوەی 15 ڕۆژدا سەرۆک وەزیرانی نوێ بناسێنێت. ناساندنی سەرۆک وەزیرانی نوێ کە هەم لەلایان ناڕازیەکانەوە جێی پەسەند بێت و هەم بتوانێ دەنگی متمانەش لە پەرلەمان وەربگرێت، هەنگاوێکی ئاستەم و دژوارە لە عێراقدا.