ئه‌یلوول 16, 2017 09:33 Asia/Tehran
  • رەخنەو گازندەی ئاڵمان لە پرسی ڕیفراندۆمی جیابوونەوەی هەرێمی کوردستان لە ئێراق

حکومەتی ئاڵمان وێڕای نەیارەتی کردن لەگەڵ ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستانی ئێراق ڕایگەیاند کە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئەو وڵاتە بۆ بوژاندنەوەی ئاشتەوایی و هێمنی لە ئێراق، زۆر گرینگە.

بەپێی ڕاپۆری دۆیچە وێلە، گیۆرگ شترایتر، یاریدەری وتەبێژی حکومەتی ئاڵمان رۆژی هەینی بەڕاگەیاندنی نەیارەتی ئەو وڵاتە لەگەڵ بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی جیابوونەوەی هەرێمی کوردستانی ئێراق، وتی: بەڕێوەچوونی ئەو ڕیفراندۆمە، بەرهەمی ڕاوێژکردن و هاواهەنگی لەگەڵ حکومەتی ناوەندیی ئێراق نییە، بۆیە حکومەتی ئاڵمان لەگەڵیدا نییە.

شترایتر پێی داگرت: بەرلین ئەو کردەیە بەقازانجی چەسپاندنی ئاشتی و هێمنی لە ئێراق و ناوچەدا نازانێ.

یاریدەری وتەبێژی حکومەتی ئاڵمان، بەئاماژە بە گرینگیی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئێراق بۆ بوژاندنەوەی ئاشتی و هێمنی لەو وڵاتەدا وتی: حکومەتی ئاڵمان داوا دەکا، هەموو هێز و کەمینەکانی ئێراق خۆببوێرن لە دووبەرەکی و ئاژاوەگێڕیی.

پێداگریی مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی ئێراق لەسەر بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆمی جیابوونەوەی ئەو هەرێمە لە ئێراق لە ٢٥ی سیپتەمبەری٢٠١٧ لەگەڵ کاردانەوەی شێلگیرانەی حکومەتی ئێراق، گرووپە جیاجیا ئێراقییەکان و وڵاتانی ناوچەمەو جیهاندا بەرەوڕوو بووەتەوە.

سەرپەیڤ