گەشتی ئاسمانی تاران بەرەو هەولێری کوردستانی عێراق دەستی پێ کردەوە
بەڕێوەبەری گشتیی نووسینگەی پەیوەندیەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی: دەسپێکرانەوەی گەشتی ئاسمانیی تاران بۆ هەولێری عێراق، هەنگاوێکی گرینگە بەئاراستەی پەرەی پەیوەندیە ئابوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران.
پاش تێپەڕینی حەوت مانگ بەسەر هەڵپەسێردرانی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان تاران و هەولێر، جارێکی دیکە گەشتی نێوان تاران وهەولێر رۆژی هەینی دەس پێ کرایەوەو موسافیران دەتوانن هەر هەفتە دوو جار لە تارانەوە سەردانی هەرێمی کوردستانی عێراق بکەن.
عەبدوڵڵا ساڵح لە دیمانە لەگەڵ هەواڵدەریی ئیرنا، بەئاماژە بە پەیوەندیی دێرینەی نێوان خەڵکی کوردستانی عێراق و کۆماری ئیسلامیی ئێران، وتی: ڕێزدەگرم لە دەور و ڕۆڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ناوبژیوانیی لەنێوان هەولێر و بەغدا لەئاراستەی هەڵوەشاندنەوەی قەدەغەی گەشتە نێودەوڵەتییەکان بۆ فڕۆکەخانەکانی کوردستانی عێراق.
بەڕێوەبەری گشتیی نووسینگەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەئاماژە بەوەی کە لەبەر جێژنی نەورۆز وسەری ساڵی هەتاوی، دەسپێکرانەوەی گەشتە نێودەوڵەتییەکانی تاران بۆ هەولێر دواخرا، وتی: ئەو ڕووداوە لەلایەن خەڵکی کوردستانی عێراقەوە پێشوازیی لێکرا چونکە ژمارێکی زۆر لە خەڵکی ئەو هەرێمە بۆ سەفەر، دەرمان و سەردانی خزم و کەس و کاریان پێویستە سەردانی ئێران بکەن.
پاش بەڕێوەچوونی ریفراندۆم لە هەرێمی کوردستانی عێراق(٢٥ی سیپتەمبەری٢٠١٧) کە لەلایەن دادگەی باڵای فدراڵی ئەو وڵاتە بەتاڵ کرایەوە، ڕێکخراوی فڕۆکەوانیی ئەو وڵاتە لەنامەیەک بۆ نووسینگەکانی نوێنەرایەتی کۆمپانیا ئاسمانییە دەرەوەییەکان لە بەغدا، خوازیاری ڕاگیرانی گەشتەکان بۆ هەولێر و سلێمانی عێراق ببوو.