ئاب 19, 2020 20:27 Asia/Tehran
  • بزوتنەوەی گۆڕان لە بەردەم دووڕیانەی مانەوە یان کشانەوە لە حکومەت

ئەندامێکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە: لەئێستادا فراکسیۆنی گۆڕان سەرقاڵی تاوتوێکردنی چۆنیەتی کشانەوەیە لە حکومەت و لە داهاتووشدا بەفەرمی هەڵوێستی خۆی رادەگەیەنێت.

بە پێی ھەواڵێکی ماڵپەڕی ھیوای کورد، ڕۆژی چوارشەممە «یاسین خدر» ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: تاوەکو ئێستا هیچ پڕۆژەیەک بۆ کشانەوەی بزوتنەوەکە لەحکومەت لەلایەن فراکسیۆنی گۆڕانەوە نەدراوەتە چڤاتی گشتی و خانەی راپەراندن، بەڵام چەند پەرلەمانتارێک لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن باسیان لەوە کردووە کە پێویستە گۆڕان بکشێتەوە لەحکومەت.

ئەم پەرلەمانتارەی بزوتنەوەی گۆڕان جەختی لەوەش کردووەتەوە کە، لەچەند ڕۆژی داهاتوودا فراکسیۆنی گۆڕان کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دەدات و تیای دا بەشێوەیەکی فەرمی لەسەر حکومەت و چۆنیەتی کشانەوە یان نەکشانەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لەکابینەی نۆیەم بڕیاری خۆمان دەدەین.

لە ئێستادا بزوتنەوەی گۆڕان لەکابینەی نۆیەم  پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم و ‌چوار وەزارتی دراوەتێ و ئەمە بۆ دووھەم جارە کە بەشداریی لە حکومەتی کردووە.

سەرپەیڤ