کانونی یه‌که‌م 02, 2020 14:34 Asia/Tehran
  • کۆمەڵێک لە پەرلەمانتاران: حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەبێ پێملی ڕێککەوتن بێ لەگەڵ بەغدا

پەرلەمانتارانی ناڕازیی داوای پێمل بوونی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا دەکەن و پێ لە سەر ئەوە دادەگرن کە لە بەرامبەر ناردرانی بوجە لە لایەن بەغداوە حکومەتی ھەرێمیش دەبێ داھاتەکانی ڕۆژانەی ڕادەستی دەوڵەتی ناوەندی بکات.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بەگێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستان، پەرلەمانتارانی ناڕازیی لە پەرلەمانی کوردستان لە راگه‌یه‌ندراوێک دا جەختیان کردەوە لە سەر ڕێککەوتن لە گەڵ حکومەتی عێراق داو ڕایانگەیاند:حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەبێ پێملی رێککەوتن ببێ و رۆژانە ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داھاتەکانی ناوخۆ و خاڵە سنورییەکان ڕادەستی بەغداد بکات و لە بەرانبەریشدا حکومەتی عیراق موچە و شایستە داراییەکانی هەرێم بنێرێت. 

لە ڕاگەیاندنەکەی ئەم پەرلەماتنارانەی ھەرێمی کوردستاندا ھاتووە: ئێمەی پەرلەمانتارانی نارازیی لە پەرلەمانی کوردستان، سەرەرای پشتیوانی کردنمان لە ناڕازییە رەواکانی شەقام و بەشداریکردنی بەردەوامی نوینەرانمان لەنێو خۆپیشاندانەکان  بۆ هێنانەدیی مافە رەواکانی خۆپیشاندەران، جەخت دەکەینەوە لەسەر ئەوەی کە ژیان و گوزەرانی خەڵک لەوپەڕی خراپیدایە و بەم شێوازە لە حوکمڕانی، قەیرانەکان قوڵتر دەبنەوە و هاونیشتمانیانیش زیاتر باجەکەی دەدەن. بۆیە پێداگریی دەکەین لەسەر گرتنەبەری ئەم هەنگاوە خێرایانە:

یەکەم: ڕێککەوتن لە گەڵ حکومەتی عێراق دا. حکومەتی ھەرێم دەبێ بە کرداریی بچێتە ژێر باری رێکەوتن و رۆژانە ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داھاتەکانی ناوخۆ و خاڵە سنورییەکان ڕادەستی بەغداد بکات و لە بەرانبەریشدا حکومەتی عیراقیی موچە و شایستە داراییەکانی هەرێم بنێرێت. 

دووھەم: دەستبەجێ حکومەتی هەرێم قاچاخچێتیی بەرپرسە دەسەڵاتدارەکان لە خاڵە سنورییەکان دا کۆنترۆڵ بکات و ئەو بڕیارانەشی بۆ چاکسازیی لە داھاتی خاڵە سنوریەکاندا دراون، جێبەجێبکرێن.

سێھەم: پێداچونەوەی تەواو بە دۆسیەی نەوتدا بکرێت و کۆتایی بەو گەندەڵیی و بەفیڕۆدانە بهێنرێت کە لەم دۆسییەیەدا ھەیە.

پەرلەماتانرانی ناڕازیی ھەرێمی لە دوابەشی ڕاگەیاندنەکەیاندا وشدارییان داوە کە ئەگەر بێتو ئەم سێ ھەنگاوە نەگیرێنە بەر، ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢١دا، دوچاری قەیرانێکی گەورەتری ئابوریی دەبێت.  

سەرپەیڤ