دوایین ئاماری کوژراو و بریندارەکانی خۆپیشاندانی سلێمانی، هەڵەبجە و گەرمیان
سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێییەکان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند: لە خۆپێشاندانەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە تائێستا 10 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 70 کەسیش برینداربوون.
بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، شاخەوان رەئووف، سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێییەکان لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رۆژی شەممەی رابردووە هەندێک خۆپێشاندان و گردبوونەوە لە رانیە و کەلار و گەرمیان هەبووە، بەڵام بەراورد بە رۆژانی دیکە هێورتر بووە".
سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێییەکان لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەدا، لە خۆپیشاندانەکانی دوێنێدا چەند کەسێک برینداربوون، بەڵام لە رێگەی پرژاندنی گازی فرمێسکڕێژەوە بووە، نەوەک بەهۆی فیشەکەوە.
شاخەوان رەئووف، دوایین ئاماری قوربانیانی خۆپیشاندانەکانی چەند رۆژی رابردووی ئاشکرا کرد و گوتی: "لە خۆپێشاندانەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە تائێستا 10 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 70 کەسیش برینداربوون".
سەبارەت بە ژمارەی ئەو خۆپیشاندەرانەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون، شاخەوان رەئووف وتی، ژمارەیەک لە رێکخەران و خۆپێشاندەرانی خۆپێشاندانەکان دەستگیرکراون، رۆژانە گرتن هەیە و بەردەوامە، کە بۆ ماوەی رۆژێک یان چەند رۆژێک دەستبەسەر دەکرێن و پاشان ئازاد دەکرێن.