کۆمەڵ و یەکگرتوو بایکۆتی کۆبونەوەی پەرلەمان و شاندی دانوستانکاریان کرد
هەردوو فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان بایکۆتی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان و شاندی دانوستانکاریان کرد.
بە پێی راپۆرتی میدیاکانی ھەرێم ، عەبدولستار مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" بایکۆتی کۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان لەگەڵ شاندی دانوستانکاریان کردوە، چونکە دەبوو ئەو کۆبونەوەیە لەناو هۆڵی پەرلەمان بێت و لەوێوە راستەوخۆ بۆ رای گشتی قسەبکرێت، هەرچەند ئەوان پێیان وانیە وردەکاریەک مابێت پەرلەمان و خەڵک نەیزانن".
عەبدولستار مەجید ئاماژەی بەوەشکرد" کە ئەمڕۆ خەڵک بە قۆناخێکی سەختدا تێدەپەڕێت و دەبوایە پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوەی دیکەی لەبارەی ئەو بارودۆخە کردبا، کە ئێستا هەرێمی کوردستانی پێدا تێپەڕبێت. بۆیە پەرلەمان رۆژ بە رۆژ لە نوێنەرایەتی گەل دێتەخوارەوە".
لای خۆشیەوە، میدیای فەرمی یەکگرتوو بڵاویکردەوە، شێرکۆ جەودەت سهرۆکی فراکسیۆنەکەیان رایگهیاندووە" ئیمه داوای کۆبوونهوهی پهرلهمانی کوردستانمان کردووه به ئامادهبونی حکومهت لهسهر موچەی فهرمانبهران نهک کۆبوونهوهی لیژنهکان، متمانهشمان به حکومهت نییه له گفتوگۆکانی لهگهل بهغدا".
لە لایەکی دیکەوە هێمن ههورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیهنێت، شاندی دانوستاندنکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستی بە پشتیوانی سیاسیی پەرلەمانی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان هەیە و بڕیارە دوای کۆبوونەوەی شاندی دانوستاندنکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پەرلەمان، شاندەکە سەردانی حزبە سیاسییەکانیش بکات.