«مەسرور بارزانی» بۆ ساڵی تازە داوای یەکڕبریی نیشتیمانی دەکات
«مەسرور بارزانی» سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێک دا بە بۆنەی ھاتنی ساڵی تازەی زایینیەوە وێڕای پیرۆز کردنی ساڵی ٢٠٢١ داوای یەکڕیزی و یەکدەنگیی نیشتمانیی لە دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان کردووە.
مەسرور بارزانی لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاندووە: بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی ٢٠٢١، گەرمترین پیرۆزبایی لە هاونیشتمانییانی کوردستان بەگشتی و پێشمەرگە قارەمانەکان و بنەماڵە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان بە تایبەتی دەکەم، هیوادارم ساڵێکی پڕ لە کامەرانی و ئاشتی و ئارامیی و کۆتایی هاتنی نەهامەتی و قەیرانەکان بێت لە کوردستان و عێراق و جیهاندا.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە:لەکاتێکدا پێ دەنێینە ساڵی نوێوه، هەرێمی کوردستان و جیهان بهگشتی ساڵێکی زۆر سهختی بهڕێکرد، ئەویش بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و لێکەوتە ئابوورییە سەختەکانی.
ناوبراو ھەر لە پەیامەکەی دا وێڕای ئاماژە کردن بە ناکۆکییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا لە سەر باسی بوجەو شایستە داراییەکان ڕاشیگەیاندووە:ئێستا کە لهسهر بوودجهی ٢٠٢١ لهگهڵ حکوومهتی عێراق گهیشتووینهته رێککەوتن، هیوادارم رێککەوتنەکە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت و لایەنە سیاسییەکانی عێراق، چیتر رێگە نەدەن ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان، بکرێتە کارتێکی فشاری سیاسیی لە دژی خەڵکی کوردستان.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کورستان، لە کۆتایی پەیامەکەشیدا رایگەیاندووە: لێرەدا جەخت لە هەوڵە بەردەوامەکانمان بۆ درێژەدان بە چاکسازی و باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و سەروەریی یاسا و دادپەروەری و سەقامگیرکردنی زیاتری ئاسایش و ئارامی دەکەینەوە، ئێمە بە گەشبینی و ئومێدەوە دەڕوانینە داهاتوو، بەو هیوایەی هەرێمی کوردستان پێ بنێتە قۆناغێکی نوێی گەشەکردن و پڕ دەستکەوت و ئاوەدانی و دووربێت لە هەموو ناخۆشی و دۆخێکی نەخوازراو.