ئادار 30, 2021 16:05 Asia/Tehran
  • شوێنی ھاوێژرانی موشەکەکانی شەوی ڕابردوو ئاشکرا بوون

شانەی ڕاگەیاندنی ئاسایشتی عێراق شوێنی ھاوێژرانی موشەکەکانی شەوی ڕابردوو بەرەو ھەرێمی کوردستانی ئاشکرا کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستان، شانەی ڕاگەیاندنی ئاسایشتی عێراق ئاشکرای کردووە، ئەو سەکۆیانە دۆزراونەتەوە کە لێیانەوە موشەک بەرەو ھەرێمی کوردستان ھاوێژراون.

ئەم دەزگا ئاسایشتییەی عێراق وێڕای بڵاوکردنەوەی وێنەی ئەو سەکۆیانە، ڕاشیگەیاندووە:«شەش سەکۆی ئاسنی دۆزراونەتەوە کە لەڕێیانەوە موشەک بەڕەو هەرێمی کوردستان ھاوێژراون.

لە ڕاگەیەندراوەدا کە ئەمڕۆ سێشەممە بڵاو کراوەتەوە، شانەی ئاسایشتی عێراق ئەوەشی ئاشکراکردووە کە، هێزەکانی فیرقەی هەشتی سوپای عێراق توانیویانە ئەو سەکۆیانە بدۆزنەوە کە، لە گردوپەڕی  چیای عەکاشە لە باکووری کەرکوک دان.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو موشەکانە لە ناوچە بەتاڵەکانی نێوان هەولێر و کەرکوک  داکەوتوون و زیانیان نەبووە.

شانەی ڕاگەیاندنی ئاسایشتی عێراق ئەوەشی خستوەتەڕوو، لایەنە ئاسایشتیەکان لە هەوڵی ئەوەدان ئاشکرای بکەن چ لایەنێک لە پشت ئەو هێرشانەوەیە ھەتا بدرێتە دادگا.

سەرپەیڤ