نێچیرڤان بارزانی: با لە تەواوی عێراق دا بە ھەرێمی کوردستانیشەوە جێژن بکەینە دەرفەتێک بۆ پێچانەوەی ڕق و یەکترشکاندن
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا بە بۆنەی جێژنی ڕەمەزانەوە ڕایگەیاند: با لە تەواوی عێراق دا بە ھەرێمی کوردستانیشەوە جێژن بکەینە دەرفەتێک بۆ پێچانەوەی ڕق و یەکترشکاندن.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، «نێچیرڤان بارزانی» سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بەبۆنەی جێژنی رەمەزانی پیرۆزەوە بڵاو کردەوە و رایگەیاند: با لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان و لە تەواوی عێراق جێژن بکەین بە دەرفەتێک بۆ پێچانەوەی یەکجاریی لاپەڕەکانی ڕق و یەکترشکاندن و زمانی زبر.
«نێچیرڤان بارزانی» سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا وێڕای جێژنە پیرۆزە لە تەواوی موسڵمانانی کوردستان و بەگشتی عێراق و جیهان، بەتایبەتی کەسوکاری شەهیدان ، هیوای خو.است کە جێژنی ڕەمەزان خێر و خۆشی و ئاسوودەیی بۆ هەمووان لەگەڵ خۆیدا بهێنێت و ھەمووان لە سایەی دا پشوویەکی ئارام بدەن و بۆنەکانی داهاتوو لە دۆخێکی باشتر و دوور لە پەتا و ناخۆشی و تەنگژە و ئاڵۆزی بگەڕێنەوە.
«بازرانی» ڕاشیگەیاند:با هەموومان مانا و چەمکەکانی جێژن بە ئاشتەوایی و لێبوردەیی و پێکهاتنەوە لەگەڵ خۆمان و دەوروبەرمان و هەمووان، بکەینە بنەمایەک بۆ هەڵسوکەوت و پێوەندی و هەنگاوەکانی داهاتوومان. با هەموومان لاپەڕەیەکی نوێی پێکەوەیی و یەکترقبووڵکردن بکەینەوه، تا پێکەوە بتوانین خزمەتێکی باشتری گەل و وڵاتەکەمان بکەین و بەرەو داهاتوویەکی باشتر، ئاسوودەیی، سەقامگیری، پاراستنی زیاتری ماف و ئازادییەکان و یاسا و دادگەری هەنگاو بنێین. سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەروەها جەختی لەوەش کردەوە کە، با لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان و لە تەواوی عێراق جێژن بکەینە دەرفەتێک بۆ پێچانەوەی یەکجاریی لاپەڕەکانی ڕق و یەکترشکاندن و زمانی زبر و،لە قوڵایی دڵەوە و بە نیازێکی پاکەوە ئەم جێژنە بکەینە دەسپێکی سەرەتایەکی تازەی تەبایی و هاوبەشی و هاریکاریی نێوان هەموو لایەن و پێکهاتەکان بۆ چارەسەرکردنی ئاڵۆزی و کێشە و تێپەڕاندنی تەنگژەکان و هەموومان لە ئاست بەرپرسیاریەتیی مرۆڤیی و نیشتمانیماندا بین.