May 14, 2021 13:29 Asia/Tehran
  • سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان: بەداخەوە پێم وایە ئۆمەتی پێغەمبەر (د.خ) لە رووی سیاسییەوە لێکهەڵوەشاوەتەوە، ئەگینا جوولەکە نەیدەوێرا قەوارەی زایۆنی لە فەلەستین دا دامەزرێنێ

«مامۆستا عەلی باپیر» سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە وتووێژێکی ڕۆژنامەوانی دا ڕایگەیاند: بەداخەوە پێم وایە ئۆمەتی پێغەمبەر (د.خ) لە رووی سیاسییەوە لێکهەڵوەشاوەتەوە، ئەگینا جوولەکە نەیدەوێرا قەوارەی زایۆنی لە فەلەستین دا دامەزرێنێ.

«مامۆستا عەلی باپیر» سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە وتوێژێکی ڕۆژنامەوانی دا لەگەڵ ناوەندی ھەواڵدەریی ئانادۆلۆی تورکیا  لەبارەی هێرشەکانی ئەم دواییەی لەشکریانی ڕژێمی زایونی  بۆ سەر نوێژخوێنان لە مزگەوتی ئەقسا، رەخنەی توندی لە وڵاتانی موسڵمان گرت و رایگەیاند: دەبێت موسڵمانان زیاتر بگەڕێنەوە بۆ ئیسلامەتیی خۆیان، ئەگەر بیانەوێت زیاتر نیشانەی پرسیاریان نەکەوێتەسەر و زیاتر کەڕامەتیان نەخەوشێت، پێویستە هەڵوێست وەربگرن، ئینجا هەڵوێست وەرگرتنیش هەر ئەوەنیە کە ئیدانەی کردارەکە بکرێت، بەڵکو ئەگەر دەوڵەتانی عەرەبی شەهامەتیان هەیە دەسا با پەیوەندییەکانیان لەگەڵ قەوارەی زایۆنی هەڵپەسێرن و یارمەتیی  فەلەستینیە چەوساوەکان بدەن.

سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان ئەوەشی ڕوون کردەوە کە: قەوارەی زایۆنی کە لە ساڵی ١٩٤٨ دامەزراوە بە ئازایەتیی جولەکە دروست نەبووە، بەڵکو بە پشتگری و داکۆکیی  وڵاتانی زلهێز بەتایبەت ئەمریکا دروست بووە، ئینجا خودی قەوارەکەش ھیچ پەیوەندییەکی بە گەلی جولەکەوە نییە، بەڵکو جووڵانەوەیەکی زایۆنیزمییە کە لە سەر بنەمای ستەم کردن لەگەلی فەلەستین ڕۆ نراوە.

مامۆستا عەلی باپیر ڕاشیگەیاند: ئەو قەوارەیە ناتوانێت بەردەوام بێت، مەگەر بە زەبر و زەنگ، چونکە لە بنەڕەتدا بەشەر دروست بووە، وا پێدەچێت کە ئەمریکا و ئەورووپا کاریان پێی هەبێت و هەندێک ئامانجی پێ دەپێکن و فشار لەسەر هەندێک دەوڵەت دروست دەکەن.

سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان وتیشی: بەداخەوە پێم وایە ئۆمەتی پێغەمبەر (د.خ) لە رووی سیاسییەوە لێکهەڵوەشاوەتەوە، ئەگینا جوولەکە نەیدەوێرا ئەوە بکات کە قەوارەی زایۆنی لە فەلەستین دا دامەزرێنێ و بەم شێوەیە خەڵکی فەڵەستین ئازار بدەن، بەڵام پشتبەردانی ھێندێک لە دەستەڵاتدارانی وڵاتە موسڵمانەکان بەتایبەت ئیماڕات، بەحرێن، سودان، سعوودیە و میسڕو پێشبڕکێی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ڕژێمی زایونی بووەھۆی تەماحکاریی ئەو ڕژێمەو ستەم کردنی زیاتر لە فەلەستینییەکان. 

سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لەبارەی هەڵوێستی وڵاتانی عەرەبیشەوە وتی:ھەڵوێستەکان هیچ نین و هەمووی بریتییە لە رەخنەگرتن و ئیدانەکردن ، ھەڵبەت ئێستاکە بابەتەکە ئاوا گەورە بووەتەوە، ئەوانە بەناچاری هاتوونەتە دەنگ و رەخنە دەگرن. چونکو ئەگەر بەڕاستیان بێت، پێش هەموو شتێک ئەو دەوڵەتانەی کە بارودۆخیان لەگەڵ قەوارەی زایۆنی ئاسایی کردووەتەوە  دەبێت بگەڕێنەوە بۆ خاڵی سفڕ و هاوکاری و بازرگانی و سات و سەودا و نەوت پێفرۆشتنیان ڕابگرن، نەک ھەر لەگەڵ زایونزیم بەڵکو لەگەڵ ئەمریکاش دا ھەروا، بە داخەوە ھەڵوێستی ئەو دەوڵەتە عەرەبییانە لاوازە، بەڵام سەرباری ئەمەش هێشتا ھەر لەم بێدەنگییەی هەرێمی کوردستان باشترە.

لە بەشێکی دیکەی وتووێژەکەدا، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لەبارەی پێشبینیەکانی بۆ داهاتووی بارودۆخەکە، ڕایگەیاند: تا ئێستا تەنیا دەوڵەتی تورکیا و کۆماری ئیسلامیی ئێران بەبڕشتانە ھەڵوێستیان وەرگرتووە، بەڵام پێموایە وڵاتانی عەرەبیش بۆ ئەوەی پترلەمە نیشانەی پرسیاریان نەکەوێتە سەر دەبێت زیاتر خۆیان توند بکەن، بە دڵنیاییەوە ئەو رۆژە دوورنییە کە ئەم قەوارە زایۆنییەی وا لە نیشتمانی ئیسلامیدا دەستی گرتووە بەسەر یەکەمین قیبلەی موسڵمانان و سێیەم حەڕەمی موسڵمانان کە مزگەوتی ئەقسایە، کۆتایی پێ بێت.

سەرپەیڤ