May 25, 2021 18:10 Asia/Tehran
  • بەرز بوونەوەی ئاستی ئاڵووێری بازرگانی لە نێوان ئێران و عێراق دا بۆ ٢٠ ملیار دۆلار

سەرکونسولی ئێران لە سلێمانی وتی: ناوچەی تایبەتی ئابووریی بانەو ھەروەھا گۆڕینەوەی مەریوان و بانە بە ناوچەی ئازادی بازرگانی دەتوانێ ببێتە ھۆی بەرز بوونەوەی ئاستی پەیوەندیی بازرگانیی ئێران و عێراق و پەرەسەندنی بیست ملیارد دۆلاریی ساڵانەی ئاڵووێری بازرگانیی نێوان ھەردووک وڵات لە داھاتوویەکی نزیک دا.

بەپێی ڕاپۆرتی ئیرنا، «مەھدی شوشتەری»ڕۆژی سێ شەممە لەکۆبوونەوەی  ناساندنی دەرفەتەکانی سەرمایەنانەوە لە ناوچەی تایبەتی ئابووریی بانە وتی: دەوڵەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ پەیوەندییە بازرگانی، ئابووری و سیاسییەکانی لەگەڵ دراوسێکانی دا بە تایبەت عێراق جێ و شوێنێکی تایبەتی دادەنێت و عێراق دوای وڵاتی چین لەو ھاوبەشە ھەرەگرینگانەی بازرگانیی ئێرانەو ئێمەش بە نیازی پەرە پێ دانی ئەم پەیوەندییانەین لە داھاتوویەکی نزیک دا.

سەرکونسولی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی جەختی لەوەش کردەوە کە، ھەرێمی کوردستانیش بەو بارستاییە تایبەتەی خۆیەوەو ئەو پەیوەندییە نزیکەی کە لەگەڵ کوردستانی ئێراندا ھەیەتی و ھەروەھا ٧٠٠ کیلومەتر سنووری ھاوبەش و شەش سنووری چالاک، پشکێکی ھەرە بەرچاوی لە مەر ناردەو ھاوردەو ئاڵووێری بازرگانی بە خۆی تەرخان داوە.

شوشتەری وتیشی: سنوورەکانی کوردستان چالاکترین سنوورەکانی وڵاتن و سنووری سەیرانبەنی بانەش کاتێک کرایە فەرمی ئەویش دەبێتە سنوورێکی ھەرەچالاک لە داھاتوویەکی نزیک دا و بە ھیواین حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش پەرە پێ دانی ئەم سنوورە لە ئاراستەی گەشاندنەوەی ھەرچی زیاتری پەیوەندییە بازرگانیەکانی نێوان دوو وڵات بخاتە نێو بەرنامەی کاری خۆیەوە.

سەرپەیڤ