نازم دەباغ: ئیبراهیم ڕەئیسی چەند مانگێک لەمەوبەر لایەنە کوردییەکانی لە بەغداد بینیوە
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران ڕایدەگەیەنێت" ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئێران، چەند مانگێک لەمەوبەر لایەنە کوردیەکانی لە بەغدا بینیووە و چەند ڕاسپاردەیەکی پێداون".
بە پێی ھەواڵێکی میدیا سپی ، نازم دەباغ نوێنەری حکومەتی هەرێم لە ئێران لە چاوپیکەوتنێکدا لە گەڵ بەشی کوردیی دەنگی ئەمریکا ڕایگەیاند" ئیبراهیم ڕەئیسی کاتێک سەرۆکی دەزگای دادوەری ئێران بوو، لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی بینیووە و هەندێک ڕاسپاردە و ئامۆژگاری پێداون، وتی، ڕەئیسی لە ورد و درشتی کێشەکانی هەرێم و عێراق ئاگادارە، هەڵبژاردنی کارناکاتە سەر گۆڕینی سیاسەتی ئێران بەرامبەر عێراق و هەرێم، چونکە پەیوەندی ئێران لەگەڵ کورد، مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە".
سەبارەت بە ڕاسپاردەکانی ڕەئیسی بۆ لایەنە کوردیەکان کە چەند مانگێک لەمەوبەر لەبەغدا پێیداون، نازم دەباغ ئاماژە بەوە دەکات" ڕاسپاردەکان پەیوەندیان بە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانەکانی ئێرانەوە هەبووە، هەروەها وەفدە کوردیەکەی بەسەرۆکایەتی هۆشیار زێباری لەگلەییەکانی ئێران ئاگادارکردووەتەوە، لەوەی کۆمەڵێک خەڵک لەدادگای ئێران داواکراون و هەڵدێن بۆ عێراق و هەرێم و جێگیردەبن، پێویستە هاوکاری هەبێت تا کەسانی تاوانبار نەتوانن هەرێم بکەنە پەناگەی خۆیان".