لە ساڵهاتی حەوتی پووشپەڕدا ، هەڵەبجە پەیامێکى هاوخەمى ئاراستەى سەردەشت دەکات
بە بۆنەى ٣٤مین ساڵوەگەڕی تاوانى کیمیابارانى شارى سەردەشتى کوردستانی ئێران، کۆمەڵەى قوربانییانى کیمیابارانى هەڵەبجە، پەیامێکى هاوخەمیى ئاراستەى کەسوکار و بریندارانى کیمیابارانى سەردەشت کرد.
کۆمەڵەى قوربانییانى کیمیابارانى هەڵەبجە، لە پەیامێکدا کە ئاراستەى کۆمەڵەى بەرگرى لە مافى بریندارانى کیمیابارانى سەردەشتى کوردستانى ئێرانی کردووە و وێنەیەکى بۆ (باسنیوز) نێردراوە، دەڵێت: "لە ڕێکەوتی ٢٨ی٦ی١٩٨٧ ڕژێمى فاشیستى بەغدا هێرشى کردە سەر شارى سەردەشت و بە چەکى کیمیایى هەواى تەواوى شارى ژەهراوى کرد. ژەهر کۆڵان بە کۆڵان دەگەڕا و دەستى لە گەرووى منداڵ، ژن و شەقام، گەڕەک و دارو باڵندە و گەورە و بچووکى شار توند کرد و بە ئازارەوە هەناسەى لە بەر بڕین لە چەند خولەکێکدا دەیان هاووڵاتیى بێگوناه شەهید بوون و هەزارانى دیکەشی لێ بریندار بوون و شارەکەش وێران کرا".
کۆمەڵەى قوربانیانى کیمیابارانى هەڵەبجە لە بەشێکى دیکەى پەیامەکەیاندا ئەوەشیان خستووەتە ڕوو: "سەردەشت و هەڵەبجە بوونە دوو شەهیدى ستەملێکراوى دەستى شەرەنگێزى و داگیرکارى، بوونە پێناسەى مێژوو بۆ بێکەسیى گەلى کورد و بوونە ناسنامەش بۆ خۆڕاگرى و ئاشتەوایى دانیشتوانەکەیان، بەڵام نە سەردەشت و نە هەڵەبجەش ورەیان بەر نەدا، جوامێرانە بەرەنگارى بارودۆخەکە بوونەوە، بە شێوەیەک ئیتر هەڵەبجە و سەردەشت بوونە دوو قوربانی، بەڵکو دوو هێما بۆ بەرخۆدان و هەستانەوە".
کۆمەڵەى قوربانیانى کیمیابارانى هەڵەبجە, لە پەیامەکەیاندا ڕاشیان گەیاندووە: "بەهۆى پەتاى کۆرۆناوە نەمانتوانین لەگەڵتان بەشدارى بکەین و لە ڕێوڕەسمى ساڵیادەکە هاوسۆز بین بۆ کەسوکارى شەهیدان و قوربانیانى شارى سەردەشت، بەڵام ڕای دەگەیەنین کە هەڵەبجە هەرگیز سەردەشت لە یاد ناکات و ئێمەى هەڵەبجەییش ساڵیادى قوربانیانى کیمیابارانى سەردەشتمان لە ناو دڵماندایە بەرز و شکۆدار ڕاگرتووە".