گەرمیان لەسەر بێ کارەبایی هۆشداریدەدات بە حکومەت ، سەید سادق سبەی دێتە سەرشەقام
چالاکوانانى گەرمیان لە رێگەی بڵاوکردنەوەی هاشتاگی کارەبا ژیانە و ڕاگەیەنراوێکەوە، هەڵمەتێکیان دەست پێ کردووە و هۆشدارى دەدەن لە ئەگەرى زیاد نەکردنى کاتژمێرەکانى کارەبا بۆ ناوچەکە هەمو ڕێکارێکی مەدەنی دەگرنەبەر.
لە ڕاگەیەنراوی چالاکوانانی گەرمیاندا هاتوە: سەرەڕای دروست کردنی وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا و دەرهێنانی هەزاران بەرمیل نەوت ڕۆژانە لەدەڤەری گەرمیان، کەچی لە گەرمای پڕوقێنەری سەرو پەنجا پلەدا هێشتا ناوچەکەمان بەدەست بێ کارەباییەوە دەناڵێنێت. لە راگەیەندراوەکەدا هۆشدارى دەدەن لەوەی، لەئەگەری زیاد نەکردنی کاتژمێرەکانی کارەبا و هەنگاو نەنان بۆ چارەسەری بنەڕەتی قەیرانی کارەبا، شانبەشانی ناڕەزایەتی گەورەی هاوڵاتیان هەموو ڕێکارێکی مەدەنی دەگرینە بەر لەسەر شەقام.
هۆشداریەکەی چالاکوانانی گەرمیان هاوکاتە لەگەڵ ڕاگەیەاندنی ئەنجامدانی خۆپیشان لەلایەن دانیشتوانی قەزای سەیدسادقەوە لە ڕۆژی یەکشەمە، لە دژی نەبونی کارەبای نیشتمانی.
ماوەی هەفتەیەکە بەهۆی کەمی کارەبا و خزمەتگوزراییەکانەوە خۆپیشاندان بەشێک لە ناوچەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی گرتوەتەوە، هەفتەی ڕابردو دانیشتوانی قەزای پێنجوێن و گوندەکانی سنوری قەزای دوکان و ناحیەی عەربەت خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.