یەکیەتی بەو مەرجە بەشداریی گفتوگۆی پێکهێنانی حکوومەتی عێراق دەکات کە پۆستی پارێزگاری کەرکووکی پێبدرێت
ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکیەتیی نیشتیمانی کوردستان دەڵێت: یەکیەتی ئامادەنییە بەشداریی هیچ گفتوگۆیەکی پێکهێنانی حکوومەتی عیراق بکات، تاوەکوو پۆستی پارێزگاری کەرکووکیان پێنەدرێت.
حەسیبە عەبدوڵا، ئەندامی سەرکردایەتی یەکیەتی لە کەرکووک، بە کەرکووک-ناوی وتووە: "ئێمە بەڕاشکاوی رامانگەیاندووە تا دۆخى کەرکووک ئاسایی نەکرێتەوە ئامادە نین بەشداریى هیچ گفتوگۆیەکی پێکهێنانى حکوومەتى عێراق بکەین".
لە بارەی ئەوەی ئاسایی کردنەوەی دۆخی کەرکووک بەلای ئەوانەوە چییە؟ حەسیبە عەبدوڵڵا وتی: "دەبێت کورد لە کەرکووک ئیستحقاقى خۆى وەربگرێت کە خۆى لە وەرگرتنی پۆستی پارێزگاردا دەبینێتەوە".
ناوبراو ڕاشیگەیاند: "ماوەى چوار ساڵە پارێزگارێکى بەوەکالەت و بە ناشەرعى سەپێنراوە بەسەر کەرکووکدا و پێویستە بگۆڕدرێت و پۆستەکە بۆ کورد بێت، لە نێو کورد-یشدا مافی یەکێتییە".
حەسیبە عەبدوڵڵا وتیشی "گۆڕینی پارێزگار زۆر کێشە لە کەرکووک چارەسەر دەکات، لەوانە کێشەی زیادەڕۆ بۆ سەر موڵکی حکوومەت، خزمەتگوزاریی، کێشەی کۆمپانیای خۆراک و پرسی گەڕانەوەی عەرەبی هاوردە بۆ پارێزگاکە ".