ئادار 28, 2022 14:14 Asia/Tehran
  • مەسعوود بارزانی:گەلی کوردستان ڕێزو پێزانینێکی زۆری بۆ مەرجەعیەت هەیە

دوای بێڕێزی کردنی ئەندامێکی پارتی بە مەرجعیەتی شیعە و پەلامار بۆسەر بارەگای پارتی لە بەغدا ، مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە .

مه‌سعود بارزانى لە پەیامەکەی دا ڕایگه‌یاند: "گەلی کوردستان ڕێزو پێزانینێکی زۆری بۆ مەرجەعیەت هەیەو ئەوکەسەش کە سووکایەتیکردووە لەلایەن یاساوە گیراوەو سزای تاوان‌و زێدەڕۆیی خۆی دەداتەوە".

دواى تویتى کادیرێکى پارتى دیموکراتى کوردستان له‌سه‌ر سوکایه‌تیکردن‌و هێرشکردنه‌سه‌ر مه‌رجه‌عیه‌تى شیعه‌کان‌و دواتریش کاردانه‌وه‌ى شه‌قامى شیعه‌ى عێراقى‌و سوتاندنى باره‌گاى پارتى له‌شارى به‌غدا، مه‌سعود بارزانى له‌په‌یامێکدا ئیدانه‌ى ئه‌وکاره‌ ده‌کات‌و ئه‌وکه‌سانه‌شى باره‌گاى حزبه‌که‌یان سوتاندووه‌ به‌تێکدەرو شکستخواردوو ناوده‌بات.هاوکات بارزانى هێرشده‌کاته‌سه‌ر عێراق‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "ئەمە بەڵگەیە لەسەر بوونی پاشاگەردانی‌و نەبوونی سەقامگیریی‌و ئاسایش‌".

بارزانى له‌په‌یامه‌که‌یدا ده‌ڵێت:"سووکایەتیکردن بەپیرۆزییەکان‌و هێما باڵاکان بەهیچ شێوەیەک قبووڵکراوو نییەو بەزاندنی هێڵی سوورەو زۆر بەتوندی ئیدانەی ئەو سووکایەتیە دەکەین کە شەوی ڕابردوو لەلایەن کەسێکەوە بەمەرجەعیەت کراوە".

جه‌ختیشده‌کاته‌وه‌، "ئەو جۆرە هەڵسوکەوتە نه‌شیاوانە هیچ پەیوەندییان بەگەلی کوردستان‌و پارتی دیموکراتی کوردستانەوە نییە، کوردستان خاوەنی فەرهەنگی بەرزی پێکەوەژیانەو سووکایەتیکردن بەڕەمزو موقەدەساتی خەڵک لەناو فەرهەنگی گەلی کوردستان هیچکات جێگەی نەکردووەتەوەو جێگەی نابێتەوە".

ئه‌وه‌شى وتووه‌، "گەلی کوردستان ڕێزو پێزانینێکی زۆری بۆ مەرجەعیەت هەیەو پەیوەندیی مێژوویی‌و دۆستایەتی‌و هاوسۆزیی نێوان بارزانیی نەمر‌و ئایەتوڵڵا حەکیم‌و شەهید سەدر گەواهیە بۆ ئەو پەیوەندیی‌و دۆستایەتیە دێرینە. ئەوکەسەش کە سووکایەتیکردووە لەلایەن یاساوە گیراوەو سزای تاوان‌و زێدەڕۆیی خۆی دەداتەوە".

سەرپەیڤ