May 27, 2022 16:22 Asia/Tehran
  • سه‌لاحه‌دین محه‌مه‌د به‌هائه‌دین: ماڵی کوردیش لە ماڵی سوننەو شێعە باشتر نییە

«سه‌لاحه‌دین محه‌مه‌د به‌هائه‌دین» ئه‌مینداری گشتیی یه‌کگرتووی ئیسلامیی کوردستانی عێراق له‌دیدارێکدا له‌گه‌ڵ دکتۆر «موسه‌ننا سامه‌ڕائی» سه‌رۆکی هاوپه‌یمانی «عه‌زم » رایگه‌یاند: دۆخی عێراق ئه‌م هه‌مو دابه‌ش بوونه‌ی نێوخۆی ماڵی پێکهاته‌کانی هه‌ڵناگرێت، بە داخەوە ھەل و مەرجی ماڵی کوردیش لە ماڵی سوننەو شێعە باشتر نییە.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێرانەوە لە راگه‌یه‌ندراوێکی نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌مینداری گشتیی یه‌کگرتوی ئیسلامیی کوردستانی عێراق، «سه‌لاحه‌دین محه‌مه‌د به‌هائه‌دین» ئه‌مینداری گشتیی یه‌کگرتووی ئیسلامی له‌ میانه‌ی سه‌ردانه‌که‌ی  بۆ شاری به‌غدا، لەگەڵ دکتۆر«موسه‌ننا سامه‌ڕائی» سه‌رۆکی هاوپه‌یمانیی «عه‌زم» کۆبووه‌وه‌ و له‌ وته‌یه‌کدا نیگه‌رانیی خۆی بۆ ماڵی سوننه‌ دەربڕی و ڕایگەیاند: له‌م دۆخه‌ هه‌ستیارو مه‌ترسیداره‌ی عێراق دا ده‌با ماڵی سوننه‌ تۆکمه‌ و یه‌کڕیز بێت، بەڵام بە داخەوە وا نییەو ئێمە نیگه‌رانین که‌ توشی دابه‌شکاری هاتوون و دۆخی عێراق ئه‌م هه‌موو دابه‌ش بوونه‌ی نێوخۆی ماڵی پێکهاته‌کانی هه‌ڵناگرێت.

ناوبراو جەختی لەوەش کردەوە کە، ھەڵبەت ئاشکرایە کە ماڵی کورد و ماڵی شیعه‌ش حاڵیان لە سوننەکان باشتر نییه‌. ئەمەش لە ئێستادا وڵاتی فڕێ داوه‌ته‌ نێو قه‌یرانی چەقبەستوویی سیاسییه‌وه‌.

وتیشی: بۆ چاره‌سه‌ر ئێمه‌ وای ده‌بینین که‌ نێوخۆی ماڵی پێکهاته‌کان رێکبخرێته‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌ داوا ده‌که‌ین هه‌رچی زووه‌ ماڵی سوننه‌ له‌سه‌ر یه‌ک به‌رنامه‌ی نیشتیمانی کۆببنه‌وه‌.

باسی له‌وه‌شکرد، هاوکێشه‌کان وایه‌ لایه‌ک ناتوانێت لایه‌که‌ی تر سیفر بکات، ھەر لە بنەڕەتیش دا نابێت هیچ لایه‌ن و هیچ پێکهاته‌یه‌ک بیر له‌ سفرکردن و سڕینەوەی به‌رامبه‌ره‌کانیان بکه‌نه‌وه‌، هاوڵاتیان ژیانیان ده‌وێت نه‌ک شه‌ڕ، ئه‌وه‌ش به‌رپرسیارێتیی لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانه‌ کە که‌شی ژیانێکی خۆش و ئارام بۆ خەڵک بڕه‌خسێنن.

له‌لای خۆیه‌وه‌، دکتۆر«موسه‌ننا سامه‌ڕائی»ش  رایگه‌یاند: ئه‌وان نه‌یانویستوه‌ ماڵی سوننه‌ ئاوای به‌سه‌ر بێت، نه‌شمانویستوه‌ پرۆسه‌ی سیاسی بگاته‌ چەقبەستوویی ، به‌ڵام خوێندنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ بۆ گۆڕانکارییه‌کان ئه‌م ده‌رئه‌نجامه‌ی لێکه‌وته‌وه‌، ئێستا  له‌ گه‌ڵ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی هه‌ڵوێستی هاوبه‌شمان هه‌یه‌، پێمان وایه‌ ته‌وافوق پێویستمەندیی قۆناغه‌که‌یه‌، زوو یان دره‌نگ  ده‌بێت ئه‌م قه‌یرانه‌ کۆتایی بێت.

سەرپەیڤ