حاجیانی هەرێمی کوردستان دەگەڕێنەوە
بەرێوەبەری گشتیی حەجج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: پرۆسەی گەرانەوەی حاجیان لە 18ی ئەم مانگەوە دەست پێ دەکات و لە (24-7-2022) کۆتایی پێ دێت.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە ماڵپەڕی خەندان، «نیاز راغیب نەقشبەندی» بەرێوەبەری گشتیی حەجج و عومرەی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا جەختی لەوە کردەوە کە: ئەمرۆ کۆتایی بە سەرجەم ئەرکەکانی حەجج هاتووە و توانیمان بە شایەتیی هەموو لایەک پرۆسەیەکی سەرکەوتوو بەرێوە ببەین و پیرۆزبایی لە سەرجەم حاجیانی کوردستانیش دەکەین کە توانیان ئەرکە ئاییینەکانیان بە سەرکەوتوویی بەجێ بێنن.
«نیاز راغیب» ئاماژەی بەوەش کرد، سوپاسی هاوکارییەکانی دەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات کە هەر لە سەرەتای پرۆسەی بەرێکردنی حاجیانی کوردستان بە بەردەوامی لەسەر هێڵ بون تاوەکو هەموو کارئاسانیەک بۆ حاجیان ئەنجام بدەن، هەروەها سوپاسی هەمو بەرێوەبەری حەجج و عومرەی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانیش دەکات.
بەگوێرەی راگەیەنراوی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینیی، بەھۆی کەمکردنەوەی ڕێژەی حاجیان، بۆ بهجێگهیاندنی فهریزهی حهج، ئەمساڵ 2120 حاجی لەھەرێمی کوردستانەوە سەفەری حەجیان کردوە، ئەوەش لەکاتێکدایه که مافی بەشداریی حاجیانی ھەرێمی کوردستان 4350 کەسە.