ته‌مووز 14, 2022 18:19 Asia/Tehran
  • سکرتێری پێشوی حزبی شیوعیی کوردستان ماڵئاوایی لەژیان کرد

بەیانیی ئەمڕۆ پێنج شەممە، لەدنیا دەرچوونی «کەریم ئەحمەد»، سکرتێری پێشوی حزبی شیوعیی کوردستان بەهۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی 100 ساڵیدا راگەیەندرا.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێرانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستان، «کاوە مەحمود»، سکرتێری حزبی شیوعیی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، بەداخەوە، بەیانیی ئەمڕۆ هاوڕێمان «کەریم ئەحمەد» سکرتێری پێشوی حزبی شیوعی بە نەخۆشی لە شاری هەولێر بۆ دواجار ماڵئاوایی لێکردین.

ئاماژەی بەوەشکرد، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ تەرمی ناوبراو هەر لە شاری هەولێر لە نزیک گڵکۆڕی (بۆتان)ی کوڕی لە گۆڕستانی «مەعمەلی قیر»، لەسەر بڕیاری خێزانەکەی بەخاک سپێردرا، بۆ سبەیش پرسەکەی لە مزگەوتی جەلیل خەیات بەڕێوەدەچێت.

«کەریم ئەحمەد» لە گوندی باقرتەی سەر بە شارۆچکەی کۆیە لەدایکبووە، تاوەکو پۆلی سێی سەرەتایی لە شاری هەولێر خوێندوویەتی و دواتر چووەتە بەغدا و لەوێ خانەی مامۆستایان – پەیمانگەی وەرزشی تەواوکردووە و بووەتە مامۆستای وەرزش لە شاری کۆیە.

«کەریم ئەحمەد» لە تەمەنی سیاسیی خۆیدا چەندین پۆستی گەورەی لەنێو حیزبی شیوعی عێراقیدا وەرگرتووە هاوکات سکرتێری حیزبی شیوعیی کوردستان بووە.

سەرپەیڤ