تشرینی دووه‌م 11, 2022 15:22 Asia/Tehran
  • گرتن لە دەروازەی ماڵی «شێخ ئەدھەم بارزانی» نزیک بووەتەوە

گرتن ھەتا بەردەم دەروازەی ماڵی «شێخ ئەدھەم بارزانی» نزیک بووەتەوەو لەم قۆناغەی ئێستادا بەرپرسی پاسەوانەکانی بە فەرمانی کوڕێکی «مەسعود بارزانی» قۆڵبەست کراوە.

بە پێی ڕاپۆرتی میدیاکانی ھەرێمی کوردستان، بەفەرمانی «مەلا مستەفا»ی کوڕی «مەسعود بارزانی» سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق، بەرپرسی پاسەوانەکانی «شێخ ئەدهەم بارزانی» لەلایەن ئاسایشی پارتییەوە لە ناوچەی بارزان قۆڵبەست و بەکەلەپچەکراوی رەوانەی قەزای مێرگەسور کراوە.

لە کاردانەوەیەک «شێخ ئەدهەم بارزانی»ش بەیاننامەیەکی بە زمانی عەرەبی _ کە دیارە جۆرێک ئاگادار کردنەوەی دەوڵەتی ناوەندیی بەغدا دێتە ئەژمار_ بڵاو کردووەتەوەو تیای دا نووسیویەتی: پەیوەندیمان بە سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە کردووە بۆ ئەم مەبەستە و بەرپرسیارێتیی گیانی ئەو ئەندامەمان خستووەتە ئەستۆی ئەو.

لەبەیاننامەکەدا، ئەدهەم بارزانی باسی ئەوەی کردووە کە، شەوی ١١-١١-٢٠٢٢ کاتژمێر ١١ دووئۆتۆمبێل لە هێزەکانی ئاسایش بە سەرپەرشتیی «بەروار سەعید سینەم» لە گوندی «بازی» هەڵیانکوتاوەتە سەر «فەرید عەبدولعەزیز بازی» بەرپرسی پاسەوانەکانم و بردوویانە لەگەڵ خۆیان. ئەوەشی درکاندووە کە، ئەو ھێزانە ڕایانگەیاندووە کە ئەو قۆڵبەست کردنە فەرمانی «مەلا مستەفا مەسعود»ـە و ھەر دەبێ جێبەجێ بکرێت.

«شێخ ئەدهەم بارزانی» ئەندامی دەست لەکارکێشاوەی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان و ڕابەری پێشووی «حیزبوڵڵای شۆڕشگێڕ»ـە کە لە ئێستادا لە شاری سلێمانی دەژی و زێدی خۆی کە ناوچەی بارزانە، بەجێ هێشتووەو بە واتایەکی تر لە لایەن زۆنی سەوزەوە داڵدە دراوە.

سەرپەیڤ