شوبات 15, 2023 22:55 Asia/Tehran
  • دھۆک زیاتر لە ٥٠ بارھەڵگری کۆمەک و ھاوکاری ڕەوانەی تورکیا و سووریا دەکات

ئه‌وقافى دهۆکی ھەرێمی کوردستانی عێراق یارمەتییەکانی پێشکەش بە کەمپینی ھاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکەی تورکیا و سووریا کرد و لە ماوەی حەوت رۆژی رابردووش دا لە سنووری پارێزگای دھۆک زیاتر لە ٥٠ بارھەڵگری کۆمەک و ھاوکاری بۆ تورکیا و سووریا ڕەوانە کراون.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە ھەواڵدەری ئانادۆلۆ، بە ئامادەبوونی چەندین مامۆستای ئایینی، ڕۆژی چوارشەممە لە بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقافی قەزای دھۆک لە کۆنگڕەیەکی رۆژنامەوانییدا، ئەو گوژمە پارەیەی لە کەمپینی ھاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکەی تورکیا و سووریا کۆکرابووە، رادەستی لیژنەی باڵای سەرپەرشتیکردنی کەمپینی پارێزگای دھۆک کرا.

بەڕێوەبەری ئەوقافی قەزای دھۆک، «رێبەر نێروەیی» لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا گوتی: لە نوێژی ھەینی رابردوو سەرجەم مامۆستایانی ئایینی داوایان لە خەڵکی ھەرێمی کوردستان کرد کە بەشدار بن لەو کەمپینەی کە بۆ ھاوکاریکردنی لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی تورکیا و سووریا دانراوە، سندوقی ھاوکاری لە ھەموو مزگەوتەکان دانرا، دوای کۆکردنەوەی پارەکە، گوژمەیەکی باش کۆکراوەتەوە و ئەمڕۆ رادەستمان کرد، سوپاسی خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەکەین کە بەشێوەیەکی باش بەھانای خۆشک و برایانمان لە تورکیا و سووریاوە چوون، خوای گەورە بەردەوام پشتگریی مروڤەکان دەکات، ئەگەر مرۆڤ بەردەوام بەھانای ئەو کەسانەوە بچێت کە لێیان قەوماوە.

رۆژی ھەینی ١٧ی شوباتی ٢٠٢٣، کەمپینی کۆکردنەوەی کۆمەک و ھاوکاری بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی تورکیا و سووریا کۆتایی دێت و لە ماوەی حەوت رۆژی رابردوودا لە سنووری پارێزگای دھۆک زیاتر لە ٥٠ بارھەڵگری کۆمەک و ھاوکاری بۆ تورکیا و سووریا نێردراون.

سەرپەیڤ