بەرپرسێکی پیشانگای ئێکسپۆ: ھاوتەریب لەگەڵ کۆمەڵێک لە وڵاتانی دیکە ، ڕاوێژکارێکیش ڕەوانەی ھەرێمی کوردستان دەکەین
جێگری سەرۆکی رێکخراوی گەشە و بازرگانیی ئێران و لە بەرپرسانی پیشانگای ئێکسپۆی تاران وتی: ھەتا ئێستا تەنیا یەک نوێنەرو ڕاوێژکاری بازرگانیمان لە تەواوی عێراق دا ھەبووە، بەڵام بەنیازین ھاوتەریب لەگەڵ ئەو ڕاوێژکارانەی کە بۆ کۆمەڵێک لە وڵاتانیان دەنێرین ، ڕاوێژکارێکیش ڕەوانەی ھەرێمی کوردستانی عێراق بکەین.
پێنجەمین پێشانگای توانای هەناردەکردنی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئامادەبوونی نزیکەی ٧٥٠ کۆمپانیای ناوخۆیی و ناساندنی ١٢ گروپی بەرهەمھێن کە بریتین لە بەرهەمی زانستی، کەرەستەی پزیشکی، کەرەستەی ناوماڵ، پیشەسازی، خۆراک، پترۆکیمیا، بیناسازی، پیشەسازیی دەستی ، خزمەتگوزاریی تەکنیکی و ئەندازیاری و هتد... بە ئامانجی فراوان کردنی شوێنی مەبەست و گروپی کاڵای هەناردەکردن لە تلارانی پێتەختی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرپا کراوەو ئەم پێشانگایە تا ٢٠ی مای بەردەوام دەبێت.
ھەر لەم پەیوەندییەدا بەرنامەی شەوی ڕابردووی زایەڵەی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر تایبەت درا بەم ڕووداوەو لە وتووێژێکدا لەگەڵ دکتۆر«سەید محەمەد سادق قەننادزادە» جێگری سەرۆکی رێکخراوی گەشە و بازرگانیی ئێران و لە بەرپاکەرانی پیشانگاکە توانا ئابوورییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و دامەزراندنی پەیوەندیی بازرگانی و ئابووری لەگەڵ وڵاتانی جۆربەجۆری جیھان و بە تایبەت وڵاتانی دراوسێ، لە نێویاندا عێراق بە ھەرێمی کوردستانیشەوە شی کرایەوە.
دکتۆر«سەید محەمەد سادق قەننادزادە» لە وەڵامی پێشکەشکاری بەرنامە لە بارەی پەیوەندییە ئابوورییەکانی کۆماری ئیسلامی لە گەڵ عێراق بە گشتی و ھەرێمی کوردستان بە تایبەتی وتی: عێراق لە ھاوبەشە سەرەکییەکانمانە و پەیوەندیی کلتوری ، ئایینی ، بازرگانی و ئابووریی بەربڵاومان ھەیە لەگەڵ ئەم وڵاتەدا ، عێراق لە ڕیزی پێنج ھاوبەشی سەرەکیی ئێران دێتە ئەژمار. لە ئێستادا پەیوەندیمان لە گەڵ عێراق لە ئاستێکی باڵادایە چ لە بواری نەوت و گازو پترۆ کیمیاو چ لە بواری کاڵاو شت و مەکی نانەوتی.
جێگری سەرۆکی رێکخراوی گەشە و بازرگانیی ئێران وتیشی: لەگەڵ ھەرێمی کوردستانی عێراقیش دا پەیوەندیی قوڵمان ھەیە لە بەر ئەو نزیکایەتییە کلتووری و زمانییەی کە لەگەڵ ئەم بەشەی وڵاتی عێراق دا ھەیە. چونکو ھەرێمی کوردستان بە حوکمی زمانەکەیان لەگەڵ پارێزگاکانی ڕۆژئاوای ئێراندا لێک نزیکن و ئەمەش ھاندەرێکی دیکەیە بۆ پەرە پێ دانی پەیئوەندییەکانمان لەگەڵ ئەو ناوچەیەی وڵاتی عێراق.
«قەننادزادە» زادە لە بارەی بەشداریی ھەرێمی کوردستان لە پیشانگاکەی تارانیش وتی: زیاتر لە بیست کەس لە بازرگانانی دیاری ھەرێمی کوردستان سەردانی پیشانگای ئێکسپۆیان کرد. دیارە ئێمەش بەرنامەی تایبەتیمان ھەیە بۆ ئەو ناوچەیە. ھەتا ئێستا تەنیا یەک نوێنەرو ڕاوێژکاری بازرگانیمان لە تەواوی عێراق دا ھەبووە، بەڵام لە ھەنگاوی تازەدا ھاوتەریب لەگەڵ ئەو ڕاوێژکارانەی کە بۆ کۆمەڵێک لە وڵاتانیان دەنێرین ، ڕاوێژکارێکیش ڕەوانەی کوردستانی عێراق دەکەین بۆ ئەوەی کە بتوانین ئەو بارستاییە زۆرەی داخوازی لە ئێران لە ھەرێمی کوردستانیش وەڵام بدەینەوە.