لە سبەیەوە زیارەتکارانی ئێران لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستانەوە دەچنە کەربەلا
گوتەبێژی دەوازەی حاجی ئۆمەران دەڵێت، سبەی هاتنی زیارەتکارانی ئێرانی لە دەروازەکەیانەوە دەستپێدەکات. لە دەروازەی باشماخیش ئامادەکارییەکان تەواو کراون.
سیروان حوسێن، گوتەبێژی دەروازەی حاجی ئۆمەران لە پارێزگای هەولێر ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئامادەکارییەکان تەواو بوون و سبەی هاتنی زیارەتکاران دەستپێدەکات".
ئەم ساڵ هاوشێوەی پار، لە هەردوو دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران و باشماخەوە زیارەتکارانی ئێرانی دەچنە کەربەلا، پار لەو دوو دەروازەیەوە نزیکەی 200 هەزار زیارەتکار هاتووچۆیان کرد.
هەر ئەمڕۆ، بەرپرسێک لە دەروازەی باشماخ لە پارێزگای سلێمانی بە رووداوی گوت: "ئامادەکارییەکانی پێشوازی لە زیارەتکاران تەواو کراون، تێچووی گواستنەوە و خزمەتگوزاریش لە ئەستۆی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەبێت".
لە پارێزگای هەولێر لە دەروازەی حاجی ئۆمەران، کانی ماران لە سنووری سۆران، پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر و بازگەی شێراوە شوێنی پشوودان بۆ زیارەتکاران ئامادەکراوە.
لە چەند رۆژی رابردوودا، پارێزگاری ورمێ بە سەرۆکایەتیی شاندێک سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵا تاوتوێی هاتنی زیارەتکارانی کرد.
بۆ هەمان مەبەست، 23ـی ئەم مانگە، عەلی ئەکبەرپوور، جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران سەردانی دەروازەی باشماخی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی دەروازەکە کۆبووەوە.
لە پێشوازی و شوێنی پشوودانی زیارەتکاراندا لە سنووری هەردوو دەروازەکەی هەرێمی کوردستانەوە تاوەکو بەڕێکەوتنیان بۆ کەربەلا، پاس، ئامێری فێنککەرەوە، ئاو، شەربەت، خواردن و ئامبوڵانس بێبەرامبەر ئامادە کراون.
بۆ خێرایی رایککردنی مامەڵەی زیارەتکاران، لە هەردوو دەروازەکەوە خاڵەکانی مۆرکردنی پاسپۆرت زیاتر دەکرێن.
چلەی ئیمامی حوسێن لای شیعەکان بایەخی زۆری پێدەدرێت و ئەم ساڵ دەکەوێتە 14ـی مانگی ئاب.